رۆیتەرز: ئیمارات 20 ملیار دۆلاری ئێران ئازاد دەکات

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد ئیمارات لە گۆڕانکارییەکی کتوپڕدا، رەزامەندی داوە 20 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات. ئەم هەنگاوە دوای چەندین هەفتە لە هێرشی درۆنی و مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیمارات دێت و ئامانجی سەرەکی پاراستنی ئاسایشی ئیمارات و پێگەی بازرگانی "دوبەی"یە.

هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، چوار سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئیمارات رێککەوتووە لەسەر ئازادکردنی بڕە پارەیەکی زەبەلاح بۆ تاران. دوو سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بڕی پارەکە 10 ملیار دۆلارە، بەڵام دوو سەرچاوەی دیکەی نزیک لە رێککەوتنەکە دەڵێن بڕی گشتی پارەکە دەگاتە 20 ملیار دۆلار.

بەپێی سەرچاوەکان، یەکەم بڕی پارە کە 3 ملیار دۆلارە، پێشتر خراوەتە بەردەستی ئێران. ئەم مامەڵەیە لە بەرامبەر ئەوەدایە کە ئێران هەموو هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی ئیمارات رابگرێت. هەروەها رێککەوتنەکە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و هاوکاری ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا لەخۆدەگرێت.

رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکانی پێشووی ئێران بوونە هۆی چۆڵبوونی هۆتێلەکانی دوبەی و هەڵاتنی هەندێک لە وەبەرهێنەرە بیانییەکان، ئەمەش ناوبانگی ئیماراتی وەک "ناوچەیەکی ئارام" بۆ بازرگانی لەق کردبوو. بەرپرسێکی ئیماراتی بە رۆیتەرزی گوت: "سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا."

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دانوستانەکان چەند هەفتەیەک پێش ئێستا دەستیان پێکردووە، بەڵام هەفتەی رابردوو کاتێک بەرپرسانی "سوپای پاسداران" سەردانی ئەبوزەبییان کرد و لەگەڵ "شێخ تەحنوون بن زاید"، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیمارات کۆبوونەوە، پڕۆسەکە خێراتر بوو. دوای ئەوەش شاندێکی ئیماراتی سەردانی تارانیان کرد بۆ دیاریکردنی میکانیزمی گواستنەوەی پارەکان.

ئەم هەنگاوەی ئیمارات هاوکاتە لەگەڵ قۆناغی کۆتایی دانوستانەکانی واشنتن و تاران. چاودێران پێیان وایە ئەم رێککەوتنە سوودی بۆ هەموو لایەک هەیە؛ ئێران دەتوانێت بڵێت قەرەبووی شەڕی وەرگرتووە، واشنتن دەتوانێت بڵێت هیچ پارەیەکی نەداوە، ئیماراتیش ئاسایشی خۆی و ناوبانگی بازرگانی دوبەی دەپارێزێت.

دواین هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیمارات لە 4ی ئایاری رابردوو بوو، کاتێک بەندەری "فوجەیرە" لە دەریای عومان کرایە ئامانج.

هەر ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەکسیۆس" راگەیاندووە هێشتا پێشبینی دەکات رێککەوتنە گشتگیرەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەم چەند رۆژەی داهاتوودا (ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە یان رۆژی دووشەممە) واژۆ بکرێت.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، رێژەی 80% بۆ 85% دڵنیان لەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنێکی نووسراو لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت. بەرپرسەکە گوتی: "هێشتا نەگەیشتووینەتە هێڵی کۆتایی، بەڵام زۆر لێی نێزیکین."

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: زۆر نزیکین لە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد.

عێراقچی لە پەیامەکەیدا داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە تا کاتی یەکلاکردنەوە و کۆتاییهاتنی ئەم لێکتێگەیشتنە، لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە پێشبینی و دەنگۆیەک لەسەر ناوەڕۆکەکەی خۆیان بەدوور بگرن.

هەروەها شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵە چڕەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری، ئەوان بە تەواوی ئاگاداری ئەو کەمپەینە بەردەوامەی چەواشەکاریین کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بە ئامانجی تێکدانی رێککەوتنی ئاشتی بەڕێوە دەبرێت.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە "هیچ کاتێک ئاشتی هێندەی ئێستا نزیک نەبووە".