ناتانیاهۆ بە هەواڵی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران شۆک بووە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە هەواڵی نزیکبوونەوەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران شۆک بووە و نیگەرانیی خۆی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران دەربڕیوە.

پێگەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ناتانیاهۆ چاوەڕێی ئەو هەنگاوەی نەدەکرد و تووشی شۆک بووە کاتێک زانیویەتی واشنتن و تاران زۆر نزیکن لە واژۆکردنی رێککەوتن.

ئەو بەرپرسە باڵایە روونیشی کردەوە، هۆکاری نیگەرانییەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو رێککەوتنە نەبێتە هۆی ئەوەی تاران بە شێوەیەکی راستەقینە و بنەڕەتی دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکانی ببێت.

 هەروەها ئەوەشی خستە روو، سەرەڕای ئەو نیگەرانییانە ئیسرائیل متمانەی خۆی بە دۆناڵد ترەمپ دەربڕیوە رێککەوتنێکی گونجاو واژۆ بکات و مەترسییە هاوبەشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەبەرچاو بگرێت.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ.

 پێشتر دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئێران دەیکەن بۆ ناوچەکە زۆر باشە و کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە گرژییەکان بهێندرێت. 

ئیسرائیل راستەوخۆ بەشدار نییە لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بۆیە نیگەرانە لەوەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران ببێتە هۆی بەهێزتربوونی وڵاتەکە و بەردەوامبوونی لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

 ئامانجی سەرەکیی واشنتن لەم هەنگاوە راگرتنی ئاڵۆزییەکان و راگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 رۆژەیە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی گشتگیر لەسەر دۆسیە جیاوازەکان.