تەرزە جاف: یەکەم تێکستی شیعری کوردی دەبێتە بنەمای کارێکی ئۆپیرا

لە دەستکەوتێکی هونەری و مێژوویی دا، بۆ یەکەم جار شیعری "قەقنەس"ی تەرزە جاف دەبێتە بنەمای کارێکی ئۆپیرا و هەر بە زمانی کوردی لە خولی 79یەمینی فێستیڤاڵی هۆڵەندا لە شاری ئەمستردام وەک ئۆپیرا دەخوێندرێتەوە.

تەرزە جاف دەڵێت،"ئەم بەشدارییەی من تەنیا دەستکەوتێکی کەسی نییە، بەڵکو سەرکەوتنێکە بۆ زمانی کوردی و شیعری کوردی، چونکە بۆ یەکەم جارە تێکستێکی شیعری کوردی ببێتە بنەمای کارێکی ئۆپیرا و بە هەمان زمانی کوردی لەسەر شانۆی فێستیڤاڵێکی جیهانی پێشکەش بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی، 12ی حوزەیرانی 2026، تەرزە جاف، خانمە شاعیر و وەرگێڕی کورد، دەربارەی بەشداریکردنی لەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا بە کوردستان24ی گوت، "ئەو فێستیڤاڵە لە شانۆی "فراسکاتی"، لە ئەمستردام بەڕێوەدەچێت، کە یەکێکە لە ناسراوترین سەکۆکانی هونەری هاوچەرخ لە هۆڵەندا. هەروەها شیعری "قەقنەس" لەلایەن ئاوازدانەری هۆڵەندی "هوبا دخراف"، بۆ شێوەی ئۆپیرا ئاوازی بۆ دانراوە و بە ناوی "ژن کە دەڕۆن خودا غەزەبیان لێدەگرێت، باڵ دەگرن" پێشکەش دەکرێت.

تەرزە جاف گوتیشی، "ئەم کارە دەروازەیەکی نوێیە بۆ ناساندنی ئەدەبی کوردی لە ناوەندە هونەرییە گەورەکانی جیهاندا، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە زمانی کوردی لە زۆر بواردا پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی دەنگی بگاتە ئاستی نێودەوڵەتی."

ئەو خانمە شاعیرە باس لە چاوپێکەوتنێکی خۆی و ئاوازدانەرێکی هۆڵەندی دەکات و دەڵێت، "هەروەها لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا، لە 13ی حوزەیرانی 2026، چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەنێوان من و هوبا دخراف رێکخراوە. بڕیارە دوای پێشکەشکردنی ئۆپیراکە، گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ ئامادەبوواندا ئەنجام بدرێت و باس لە پرۆسەی گواستنەوەی شیعر بۆ زمانی مۆسیقا و ئۆپیرا و هەروەها ئەزموونی هاوبەشی نێوان هونەرمەندانی دوو کولتووری جیاواز بکرێت."

تەرزە جاف ئاماژەی بەوەش دا، "فێستیڤاڵی هۆڵەندا یەکێکە لە دێرینترین و گرنگترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی هونەری نمایشکاری و هونەری هاوچەرخ لە ئەوروپا. ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە کۆمەڵێک لە دیارترین هونەرمەندان، دەرهێنەران، نووسەران و داهێنەرانی جیهان لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە و وەک سەکۆیەکی پێشەنگ بۆ گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان ناسراوە."

تەرزە جاف باس لە گرنگی ئەو فێستیڤاڵە دەکات و دەڵێت، "ئەم فێستیڤاڵە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە بۆ یەکەم جار شیعری کوردی لە چوارچێوەی خوێندنەوە و چاپەوە دەگوازرێتەوە بۆ جیهانی ئۆپیرا؛ هونەرێک کە بە شێوەیەکی مێژوویی پەیوەست بووە بە زمان و کولتوورە گەورەکانی جیهان. هەروەها ئێستا زمانی کوردیش بە هۆی شیعرێکی کوردییەوە شوێنی خۆی لەسەر ئەو شانۆیە دەکاتەوە."

تەرزە جاف باسی لەوەش کرد، "بەشداربوونی من لە فێستیڤاڵی هۆڵەندا، جگە لە بایەخی هونەری، پەیامێکی کولتووریش لەخۆ دەگرێت؛ پەیامێک کە دەڵێت زمانی کوردی و شیعری کوردی توانای ئەوەیان هەیە سنوورەکان ببەزێنن و بگەنە ناو گرنگترین سەکۆکانی هونەری جیهان. ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ناساندنی داهێنانی کوردی و گەیاندنی دەنگی ئەدەبیاتی کوردی بە بینەران و گوێگرانی نێودەوڵەتی."

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 12ی حوزەیرانی 2026، 79یەمینی فێستیڤاڵی هۆڵەندا لەشاری ئەمستەردام بەڕێوەبچێت.

تەرزە جاف، شاعیر و وەرگێڕ، ساڵی 1972 لە سلێمانی لەدایک بووە، ساڵی 1995 بەکالۆریۆسی لە بواری جوگرافیا بەدەست ھێناوە. ساڵی 2016 وەکو پێشکەشکار لە دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 دامەزرا. خاوەنی چەند بەرهەمێکە لەبواری وەرگێڕان و شیعردا و چەندین بابەتی هەمەلایەنەی لە گۆڤار و رۆژنامەکان بڵاوکردووەتەوە.