رووسیا: رێگە نادەین ئەمریکا دەست بەسەر وزەی جیهاندا بگرێت
مارات بێردییڤ، باڵیۆزی ئەرکە تایبەتەکان لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ کاروباری G20 و ئاپێک"، رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگە نادات ئەمریکا هەژموونی خۆی بەسەر وزەی جیهاندا بسەپێنێت و مۆسکۆ لە چوارچێوەی کۆمەڵەی 20دا دژی ئەو هەوڵانە دەوەستێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، مارات بێردییڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ریا نۆڤۆستی" ئاماژەی بەوە کرد "واشنتن لەبری کارکردن بۆ فەراهەمکردنی وزە بۆ هەمووان، بە کردەیی هەوڵی سەپاندنی باڵادەستیی خۆی دەدات لە کەرتی وزەدا. ئەمە شتێکە کە ئێمە و دۆستانمان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان رێگەی پێنادەین."
ئەو دیپلۆماتکارە ڕووسییە گوتیشی "ئێمە رووبەڕووی ئەم تەماحە داگیرکارییە نوێیانە دەبینەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئەو ئامرازە یاساییانە بەکاردەهێنین کە لە بەڵگەنامە تایبەتەکانی کۆمەڵەی 20دا هەن."
بێردییڤ رەخنەی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و گوتی: "هەرچەندە ئەمریکا دروشمی 'فەراهەمکردنی وزە' بەرزدەکاتەوە، بەڵام سیاسەتە کردەییەکانی تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا ناگونجێن."
هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە ئەمریکا هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە بازاڕەکانی وزەی جیهان بەهێزتر بکات، بەتایبەت لە سایەی ئەو قەیرانە توندەی کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و شەڕی دژ بە ئێران هاتۆتە ئاراوە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی گەورە لە دابینکردنی نەوت و گازی جیهانی.
کۆمەڵەی بیستەم (G20) وەک سەکۆیەکی سەرەکی بۆ دیالۆگی ئابووری جیهانی دادەنرێت و گەورەترین هێزە ئابوورییەکانی جیهان لەوانە ڕووسیا، چین، هیندستان، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەخۆدەگرێت.