بەقایی: رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا یاداشتەکە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکرێت
بەقایی: "یاداشتی ئیسلام ئاباد" تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە لە هەموو بەرەکاندا
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" تەنیا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا دەکاتەوە و بڕیاردراوە دۆسیەی ئەتۆمی بۆ قۆناخێکی دیکە دوابخرێت. ئاماژەی بەوە کرد رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم یاداشتنامەیە واژۆ بکرێت.
شەممە 13ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پڕۆسەی گەیشتن بەم یاداشتنامەیە نزیکەی دوو مانگی خایاندووە بە ناوبژیوانی پاکستان. گوتیشی: "لەم قۆناخەدا تەنیا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ کراوەتەوە، لەوانە بەرەی لوبنان. بڕیاردراوە لەم یاداشتنامەیەدا باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەکرێت و گفتوگۆ دەربارەی وردەکارییەکانی ئەتۆم بۆ ماوەیەکی 60 رۆژەی دوای یاداشتنامەکە دواخراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دووپاتی کردەوە، گەرووی هورمز لە چوارچێوەی ئاوە نیشتمانییەکانی ئێران و عوماندایە و "ئەزموونی چەند مانگی رابردوو نیشانی دا کە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم رێڕەوەیان بۆ هەڕەشە لە ئێران بەکارهێناوە، بۆیە ئێران مافی خۆیەتی رێکاری پێویست بگرێتە بەر." ئاشکراشی کرد لەمەودوا تێچووی خزمەتگوزارییەکان لەو کەشتیانە وەردەگیرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.
بەقایی هێرشی کردە سەر هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و گوتی: "ئەوان دەیان جار گوتوویانە ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتن دەکرێت، ئەمە بەشێکە لە جەنگی دەروونییان. ئێمە بەهۆی پابەند نەبوونیان ئەمریکا بە بەڵێنەکانی پێشوویان، هەر هەنگاوێک بە وریاییەکی زۆرەوە دەنێین." ئاماژەشی دا، "ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئێران مافی وەڵامدانەوەی هاوشێوەی دەبێت."
هەروەها ئاماژەی بەو زیانانە کرد کە لە کاتی جەنگدا بەر ئێران کەوتوون، لەوانە هێرش بۆ سەر شاری "لامەرد" کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی 140 هاووڵاتی بێتاوان، هەروەها تێکدانی کۆگاکانی ئاوی خواردنەوە لە "سیریک". گوتیشی: "ئەمە تاوانی جەنگن و وەزارەتی دەرەوە سەرقاڵی بەدۆکیۆمێنتکردنیانە بۆ رێکارە یاساییەکان."
بەقایی جەختی کردەوە ئێران لەگەڵ هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێی دوژمنایەتی نییە، بەڵام رەخنەی لێگرتن کە رێگەیان داوە واشنتن و ئیسرائیل خاک و بنکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن. داواشی کرد کە تەنیا رێگە بۆ ئاسایشی ناوچەکە، چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان و دروستکردنی سیستەمێکی ئەمنی بەکۆمەڵە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
هاوکات باسی لەوەش کرد، کە "رێککەوتنی ئیسلام ئاباد" رێککەوتنی کۆتایی نییە، بەڵکوو تەنیا چوارچێوەیەکی گشتییە بۆ دیاریکردنی هێڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ و واشنتنیش دەبێت ئەوە بزانێت کە ئێران تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بڕیار دەدات.