ترەمپ: لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتنەکە گەرووی هورمز دەکرێتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سبەی یەکشەممە رێککەوتنی مێژوویی نێوان واشنتن و تاران بۆ رێگریی هەمیشەیی لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی واژۆ دەکرێت و دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا دەکرێتەوە. جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە هیچ پێدانی پارەیەکی تێدا نییە و هێزەکانیان یۆرانیۆمی پیتێنراو لە قووڵایی چیاکانی ئێران دەردەکەن و تێکی دەشکێنن.

شەممە 13ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بڕیارە سبەی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران واژۆ بکرێت. ترەمپ پەیامێکی ئاراستەی جیهان کرد و گوتی: "رێککەوتنەکەی من بۆ رێگرییە لە چەکی ئەتۆمی؛ ئێران چیتر چەکی ئەتۆمی ناوێت و ناشیبێت، چ لە رێگەی پەرەپێدانەوە بێت یان کڕین یان هەر رێگەیەکی دیکە."

ترەمپ راشیگەیاند، "لە کاتی گونجاودا و کاتێک هەموو شتێک ئارام دەبێتەوە، دەچینە ناو ئێران و لە رێگەی فڕۆکە جەنگییە (B2)ـەکان و فڕۆکەوانە لێهاتووەکانمانەوە، یۆرانیۆمی پیتێنراو کە لە قووڵایی چیا سەختەکان حەشار دراوە، دەریدەهێنین و تێکی دەشکێنین، چ لەناو ئێران بێت یان لە ئەمریکا."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، دەستبەجێ دوای واژۆکردنەکە، گەرووی هورمز بە رووی هەموو کەشتییەکدا دەکرێتەوە. هەروەها گوتیشی: ئەم رێککەوتنە هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارەی تێدا نییە، بە پێچەوانەی رێککەوتنەکەی باراک ئۆباما کە سەدان ملیار دۆلار و بڕی 1.7 ملیار دۆلاری نەختی دایە تاران؛ 

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، "ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران زۆر جیاواز و باشترە لە ئیدارەکانی پێشوو."

سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواست ئەم پڕۆسەیە بە ئاسانی و بە بێ کێشە بەڕێوە بچێت، بەڵام هۆشدارییەکی توندیشی دا و گوتی: "ئەگەر رێککەوتنەکە وەک پێویست نەڕوات، ئێمە بژاردەی کۆتایی و یەکلاکەرەوەمان هەیە، کە هیوادارم هەرگیز ناچار نەبین بەکاری بهێنینەوە."

بەقایی: رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا یاداشتەکە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکرێت

هەر ئەمڕۆ شەممە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: "لەم قۆناخەدا تەنیا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ کراوەتەوە، لەوانە بەرەی لوبنان. بڕیاردراوە لەم یاداشتنامەیەدا باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەکرێت و گفتوگۆ دەربارەی وردەکارییەکانی ئەتۆم بۆ ماوەیەکی 60 ڕۆژەی دوای یاداشتنامەکە دواخراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دووپاتی کردەوە، گەرووی هورمز لە چوارچێوەی ئاوە نیشتمانییەکانی ئێران و عوماندایە و "ئەزموونی چەند مانگی ڕابردوو نیشانی دا کە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم ڕێڕەوەیان بۆ هەڕەشە لە ئێران بەکارهێناوە، بۆیە ئێران مافی خۆیەتی ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر." ئاشکراشی کرد لەمەودوا تێچووی خزمەتگوزارییەکان لەو کەشتیانە وەردەگیرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

بەقایی هێرشی کردە سەر هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و گوتی: "ئەوان دەیان جار گوتوویانە ئەمڕۆ یان سبەی ڕێککەوتن دەکرێت، ئەمە بەشێکە لە جەنگی دەروونییان. ئێمە بەهۆی پابەند نەبوونیان ئەمریکا بە بەڵێنەکانی پێشوویان، هەر هەنگاوێک بە وریاییەکی زۆرەوە دەنێین." ئاماژەشی دا، "ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئێران مافی وەڵامدانەوەی هاوشێوەی دەبێت."

شەهباز شەریف: پێشبینی دەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا کارەکان کۆتاییان پێ بێت

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە هەموو کاتێک زیاتر لە رێککەوتنی ئاشتی نزیکین، پێشبینی دەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا کارەکان کۆتاییان پێ بێت."

سەرۆکوەزیرانی پاکستان روونیشی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی رێککەوتنی ئاشتی راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی کارەکان،