سبەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و نامەناردن رادەگیرێت

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دەستپێکردنی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڕیاری دا؛ سبەی بەیانی هێڵەکانی ئینتەرنێت، کورتەنامە و نامەی وێنەیی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بە شێوەیەکی کاتی رابگرێن، هاوکات چەند ناوەند و دامەزراوەیەکی گرنگ لەو بڕیارە بەدەر دەکرێن.

دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر داواکاریی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، بە پێی خشتەیەکی هاوبەش کە پێشتر ئامادە کراوە، سبەی بەیانی لە کاتژمێر 6:30 تاوەکوو 7:30، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، کورتەنامە  و نامەی وێنەیی  لە کوردستاندا رادەگیرێن.

بە پێی زانیارییەکانی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە مەبەستی رێگریکردن لە دروستبوونی ئاستەنگ لە کاروبارە دارایی، بازرگانی و گەشتیارییەکاندا، چەند سێکتەر و شوێنێکی گرنگ لەم بڕیارە بەدەر دەبن و هێڵەکانی ئینتەرنێتیان تێدا نابڕدرێت، کە بریتین لە:

-سەنتەری زانیاریی پڕۆژەی "هەژماری من" لە گەڕەکی 32ـی پارکی شاری هەولێر.
-سەرجەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM).
-سەرجەم بانکەکان لە هەرێمی کوردستان.
-فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان.
-داتا سەنتەرەکانی پڕۆژەی ڕووناکی و سیستمی پێوەری زیرەک.

ئەم بڕیارە وەک رێوشوێنێکی کاتی و ساڵانە دێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان بە شێوازێکی بێگەرد و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی گزی، جێبەجێی دەکات.