بەهایدن: هونەر کاتێک مانای هەیە کە مرۆڤ خۆی تێدا بدۆزێتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، بەهایدن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر سەردەمی هونەری ئەمڕۆ و باس لە پڕۆژەی کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات.
بەهایدن دەڵێت، "کاتێک هونەر تەنیا لە ناوی ناسنامەدا قسە بکات و مرۆڤایەتی گشتی لەبیر بکات، بەشێک لە هێزی خۆی لەدەست دەدات.
بەهایدن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، دەربارەی هونەرمەندی سەرکەوتوو بە کوردستان24ی گوت، "لە سەردەمێکدا کە هونەر لە هەموو شوێنێک ئامادەیە و وێنە و فۆرم بە خێرایی بەرهەم دەهێنرێن و دەگوازنەوە، پرسیاری بنەڕەتی هێشتا ماوەتەوە: ئایا هونەر هێشتا شوێنێکە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت یان بووەتە بەشێک لە بازاڕ و ناسنامە و پیشاندان؟ ئەم تێڕوانینە هەوڵ دەدات مانای سەرکەوتنی هونەرمەند و دۆخی هونەری هاوچەرخ لە ڕوانگەیەکی قووڵترەوە بخوێنێتەوە."
بەهایدن گوتیشی، "هونەرمەندی سەرکەوتوو ئەگەر ناوبانگ، ژمارەی سەردان، نرخی فرۆشتن یان ناسراوی بێت، رەنگە بەشێک لە راستی بگرێتەوە، بەڵام تەواوی وەڵامەکە نییە. چونکە مێژووی هونەر نیشانی داوە هونەرمەندە گەورەکان زۆرجار لە دەرەوە نەبینراون، بەڵام لە ناوەوە کاریگەرییان دروست کردووە. هەروەها هونەرمەند لە بنەڕەتدا کەسێک نییە کە تەنیا رەنگ و فۆرم بەکاربهێنێت؛ کەسێکە بە هەموو بوونی خۆی بیر لە جیهان دەکاتەوە. بەرهەمی هونەری تێکەڵەیەکە لە بیرۆکە، یادەوەری، گومان، برین، هیوا و هەوڵی تێگەیشتن. بۆیە هونەر لە ئارامی و تەواوییەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو زۆرجار لە درزی نێوان ئەوەی هەیە و ئەوەی دەبێت بێت سەرهەڵدەدات."
ئەو شێوەکارە باس لە سیستەمی ئەمڕۆی هونەر دەکات و دەڵێت، "ئەمڕۆ سیستەمی هونەر زۆرجار داوای شتێکی تر دەکات؛ داوای دووبارەبوونەوە، ستایل، براند و گونجان لەگەڵ بازاڕ. بەڵام هونەرمەندێک کە بەدوای راستی ناوەوەی خۆیدا دەڕوات، زۆرجار ناچار دەبێت هەندێک لە سەرکەوتنە دەرەکییەکان واز لێبهێنێت. لێرەدایە جیاوازی نێوان ناوبانگ و رەزامەندی دەردەکەوێت؛ ناوبانگ دەنگی بەرزە، بەڵام رەزامەندی هەستێکی بێدەنگە."
بەهایدن ئاماژەی بەوەش دا، "هونەری هاوچەرخ هەرگیز وەک ئەمڕۆ ئەوەندە لە ژیانی رۆژانەدا ئامادە نەبووە. لە شاشەکان، لە فەزا گشتییەکان، لە ماڵەکان و لە سۆشیال میدیادا هەموو شوێنێک هەست بە ئامادەبوونی هونەر دەکرێت. بەڵام هەمان ئەم فراوانبوونە هەندێکجار وای کردووە هونەر لە ناو خێرایی و بەکارهێناندا مانا و قووڵایی خۆی لەدەست بدات."
ئەو شێوەکارە باس لە گۆڕانی بینەری ئەمڕۆ دەکات و دەڵێت، "بینەری ئەمڕۆ گۆڕاوە، ئەوەی پێشتر سەیرکردنی هێواش و لێوردبوونەوە بوو، ئێستا زۆرجار بووەتە سکڕۆڵکردن. مرۆڤ زۆرجار وێنە دەبینێت، هەڵسەنگاندنی خێرای بۆ دەکات و دەڕوات. پرسیار لەسەر ژیان و ئازار و فەلسەفەی هونەرمەند کەمتر دەکرێت و لە جێی ئەوە پرسیار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئایا کارەکە لەگەڵ شوێنی ژیان و شێوازی ژیان دەگونجێت یان نا. بۆیە هونەر بەم شێوەیە هەندێکجار دەبێتە کاڵایەکی جوانیناسی. بەڵام هونەری راستەقینە لەو شوێنە دەست پێدەکات کە مرۆڤ وەستاو هەستی کرد کە لە پشت رەنگ و فۆرمەکانەوە کەسێک قسەی کردووە؛ ژیانێک، برینێک یان پرسیارێک لەوێ هەیە."
بەهایدن باسی لەوەش کرد، "هەروەها جیهانگیری هونەر دوو رووی هەیە؛ لایەک دەرفەتێکە بۆ تێکەڵبوونی کولتوور و دەنگە جیاوازەکان، لایەکی تر مەترسی ئەوەی هەیە هونەر تەنیا ببێتە نوێنەرایەتی شوناس و گروپ. کاتێک هونەر تەنیا لە ناوی ناسنامەدا قسە بکات و مرۆڤایەتی گشتی لەبیر بکات، بەشێک لە هێزی خۆی لەدەست دەدات. هەروەها فەیلەسوف هیگڵ هونەریان، بە دەرکەوتنی رۆحی مرۆڤی زانیوە، نیچەش بە شێوەیەکی بەرخۆدان لە دژی بێمانایی ژیان قسەی کردووە. لە هەردوو تێڕوانینەکەدا هونەر زیاترە لە رازاندنەوە؛ هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن و بیرهێنانەوە."
ئەو شێوەکارە کوردە دەربارەی رۆڵی هونەر لە رووی جوانی و سەرنجراکێشییەوە دەڵێت، "ئەرکی هونەری ئەمڕۆ ئەوە نییە تەنیا جوانتر بێت یان سەرنج رابکێشێت. بەڵکو ئەرکی ئەوەیە قووڵتر بێت، راستگۆتر بێت و ئەو شتانەمان بیربخاتەوە کە لە خێرایی ژیاندا لەبیریان دەکەین. چونکە هونەر کاتێک مانای هەبێت، تەنیا شتێک نییە کە ببینرێت؛ بەڵکو شوێنێکە کە مرۆڤ خۆی تێدا دەدۆزێتەوە."
لەکۆتایی قسەکانیدا، بەهایدن باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت، "پڕۆژەی نوێم ماوەیەک بەر لە ئێستا بوو، بە ناوی "مانیفێستی هێڵ"، لەگەڵ بەشی گرافیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەهاوبەشی بوو کارەکانی قوتابییان لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا نمایش کران. هەروەها لە پڕۆژەیەکی دیکەم دا، پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکاریم لە ژێر ناوی "ناوچەی سرووشتی"، لە شاری گیرمرسهایم کردەوە. من لە ساڵانی رابردووشدا چەندین پێشانگە و چالاکی هونەریم لە ئەڵمانیا بەڕێوەبردووە و بەردەوام هەوڵمداوە گەلەری و شوێنی نمایش بکەمە شوێنی گفتوگۆی نێوان هونەری کوردی و بینەری نێودەوڵەتی."
بەهایدن، شێوەکاری کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی ئەڵمانیایە. هونەرمەندێکی بینراوی چالاکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و کارەکانی پڕۆژەی نیگارکێشی، هونەری گرافیک، پەیکەرسازی و هونەری گشتی لەخۆ دەگرێت. ئەو بە بەکارهێنانی رەنگی دەربڕین و هێما و پێکهاتەی وێنەیی گێڕانەوە ناسراوە، کە تێیدا ئەزموونی کەسیی خۆی لەگەڵ تەوەرە گشتگیرەکاندا تێکەڵ دەکات.


