ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کەمبووەتەوە
بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کەمبووەتەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، یەکێکە لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە وەک رێرەوێکی سەرەکی بووە بۆ هاتوچۆی کاڵا و جوڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران . بەڵام ئەم رۆژانە، بارودۆخی ناوچەکە کاریگەریی خۆی لەسەر ئەو دەروازەیەش جێهێشتووە. ئیستاش دەروازەی حاجی ئۆمەران وەک زۆر شوێنی دیکەی ناوچەکە چاوەڕێی ئارامبوونەوەی بارودۆخەکەیە، تاکو چەرخی بازرگانی دووبارە بە هێزی پێشووی خۆی بگەڕێتەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24 لە دوای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کەمبووەتەوە، بەشێوەیەک پێش هەڵگیرسانی جەنگ رۆژانە 220 بارهەڵگر لەو دەروازەیەوە کاڵا و کەلوپەلی بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق دەگواستەوە، بەڵام ئێستا رۆژانە 90 بۆ 110 بارهەڵگر کاڵا و کەلوپەل بار دەکەن و بۆ شارەکانی دەگوازنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە 693 بارهەڵگر لەو دەروازەیە کارتی گواستنەوەی کاڵای هەیە و سەدان بازرگان و کرێکار لەو سنوورە کار دەکەن. هۆکاری کەمبوونەوەی قەبارەی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ لێکەوتەکانی جەنگ و هەروەها زیادبوونی پێداویستی ناوخۆیی ئێران بەو کاڵایانەی هەناردەی دەکرد دەگەڕێندرێتەوە. هاوکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە بەشێک لە کارگەکان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە.
سەبارەت بە کەمبوونەوەی قەبارەی بازرگانی لە دەروازەکان و بە تایبەت دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند، هەستییان بە کەمبوونەوەی قەبارەی بازرگانی کردووە نەک تەنیا لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بەڵکو لە هەموو دەروازەکان سنوورییەکان لەگەڵ ئێران، ئاشکراشی کرد، بەمزووانە شاندێکی ژووری بازرگانی سەردانی دەروازەکان دەکات و بەدواداچوون بۆ هۆکاری کەمبوونەوەی قەبارەی بازرگانی دەکات، گوتیشی: لەو سەردانە بۆ دەروازەکان گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەکەن و ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمی و ژمارەیەک دەروازەی نافەرمی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و قەبارەی بازرگانی نێوانیان ساڵانە ملیاران دۆلارە. هاوکات بەشێک لەو کاڵایانەی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن رەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێن. دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین، تاکە دەروازەی سنووریی فەرمییە لە سنووری پارێزگای هەولێر لەگەڵ ئێران.