هۆشداریی بڵاوبوونەوەی 13 جۆر نەخۆشی لە ئاوی دیجلە دەدرێت

روانگەی عێراقی سەوز کە تایبەتە بە کاروباری ژینگە، هۆشدارییەکی توند لەبارەی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو، بەتایبەت رووباری دیجلە دەدات و رایدەگەیەنێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەکتریای 'کۆڵۆن'، هاووڵاتییان لەبەردەم مەترسی تووشبوون بە 13 جۆر نەخۆشیدان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، روانگەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "بەکتریای کۆڵۆن، جۆرێکی بەربڵاوی بەکتریایە و بە شێوەیەکی سروشتی لە ریخۆڵەی مرۆڤ و ئاژەڵدا دەژیت، بەڵام هەندێک جۆریان دەبنە هۆی کێشەی تەندروستی جدی ئەگەر بچنە ناو بەشەکانی تری جەستە یان لە رێگەی خواردن و ئاوی پیسەوە بگوازرێنەوە."

بەپێی راگەیەندراوەکەی روانگەی عێراقی سەوز، ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئەم بەکتریایەوە تووشی مرۆڤ دەبن بریتین لە:


1-تێکچوونی کۆئەندامی هەرس.

2-هەوکردنی ڕێڕەوی میزەڕۆ.

3-نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، پەککەوتنی کتوپڕی گورچیلە و کەمبوونەوەی پەڕەکانی خوێن.

4-ژەهراویبوونی خوێن.

روانگە ئاشکراشی کردووە، ملیۆنان مەتر سێجا ئاوی قورس (ئاوەڕۆ) بەبێ پاڵاوتن دەڕژێتە ناو رووبارەکان لە باکوورەوە تا باشووری وڵات، هەروەها هۆشداری دەدات، ئەو ئاوانەی لە بازاڕدا بەناوی "ئاوی پاکژکراو" دەفرۆشرێن، زۆربەیان لە هەمان ئاوی دیجلە وەردەگیرێن و زۆرجار جیاکردنەوەی ماددە ژەهراوییەکان و توخمە قورسەکان لێیان مەحاڵە.

لە کۆتایی راگایەندراوەکەدا روانگە داوا لە حکوومەت و پەرلەمان دەکات کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکەن بۆ تاوتێکردنی ئەم پیسبوونە مەترسیدارە و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی، لەگەڵ سەپاندنی توندترین سزا بەسەر ئەو لایەنانەی دەبنە هۆی پیسکردنی سەرچاوەکانی ئاو.