یاریزانانی بەڕازیل هاندەرەکانیان بێهیوا دەکەن

بەڕازیل - مەغریب
بەڕازیل - مەغریب

هەڵبژاردەی بەڕازیل لە یەکەم یاری مۆندیالی 2026 و لە کۆمەڵەی C رووبەرووی هەڵبژاردەی مەغریب بووەوە، هاندەرانی سلیساو چاوەڕێ ئاست و ئەنجامێکی باشیان لە یاریزانەکانیان دەکرد، بەڵام خەریکە هەموو شتێک پێچەوانە دەبێتەوە.

خاوەنی 5 ناسناوی مۆندیال لە یەکەم رووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب، لە کۆمەڵەی C مۆندیالی 2026 نەیانتوانی بردنەوە بەدەست بهێنن و هەردوولا بە ئەنجامی 1-1 یەکسان بوون، لە یارییە یاریزانانی سامبا ئاستێکی مام ناوەندیان پێشکەش کرد و لە زۆربەی کاتەکانی یارییەکە یاریزانانی مەغریب باڵادەست بوون.دوای تێپەڕبوونی 21 خولەک بەسەر یارییەکە ئیسماعیل سایبەری توانی گۆڵی یەکەمی هەڵبژاردەی مەغریب لە یارییەکە بکات.

 

یاریزانانی مەغریب زۆر هەوڵیاندا نیوەی یەکەم پارێزگاری لەو تاکە گۆڵەیان بکەن بە هیوای ئەوەی نیوەی دووەمیش هەمان کار بکەن و بردنەوەیەکی مێژوویی بەدەست بهێنن، بەڵام ڤینیسیوس جونیور هەموو پلانەکانی ئەوانی تێکدا.یارییەکە بەردەوام بوو و دوای تێپەڕبوونی 11 خولەک بەسەر گۆڵەکەی هەڵبژاردەی مەغریب، ڤینیسیۆس جونیۆر توانی بە هەوڵێکی تاکەکەسی لە نێوان چەند بەرگریکارێکی بەرامبەر گۆڵی یەکسانبوون لە خولەکی 32 بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل بکات و یارییەکەش بە یەکسانبوون کۆتایی هات.

 

هەڵبژاردەی بەڕازیل رۆژی 20ـی ئەم مانگە و کاتژمێر 03:30 خولەکی بەرەبەیانی بە کاتی هەولێر، لە دووەم یاری قۆناغی یەکەمی مۆندیالی 2026 رووبەرووی هەڵبژاردەی هایتی دەبێتەوە. ئەگەر یاریزانانی سامبا لەو یارییەش نەتوانن بردنەوە بەدەست بهێنن، رەنگە سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی 32 بکەوێتە ئەما و ئەگەر.