بێناتان.. ئەو گوندەی قەیسەری گۆرانی عەرەبی لێی بوو بە مامۆستا و فێری عوود بوو
لە گوندێکی سنووری قەزای ئاکرێ، یادگارییەکانی هونەرمەندێکی جیهانی پارێزراون کە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە 45 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. گوندی "بێناتان" لە دەڤەری هەرکیاتی، تەنیا گوندێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئەو شوێنەیە کە کازم ساهر، ئەستێرەی ناسراوی جیهانی، وەک مامۆستا و گەنجێکی شەرمن دەستی بە ژیانی پیشەیی و هونەری کردووە.
لە ساڵی 1987، کازم ساهر وەک مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بێناتان دەستبەکار بوو. ئەو تەنیا مامۆستای منداڵان نەبوو، بەڵکو لە چوارچێوەی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواریدا، شەوانە وانەی بە گەورەکانی گوندەکەش دەوتەوە. ئێستا لە لایەن دانیشتووانی گوندەکەوە چەندین بەڵگەنامە و ناسنامە پارێزراون کە واژۆی کازم جەبار ئیبراهیمیان بەسەرەوەیە، کە ناوی راستەقینەی هونەرمەندەکەیە پێش ئەوەی ببێتە "ساهر".
دانیشتووانی گوندەکە بە چاوێکی پڕ لە رێزەوە باس لە رەوشت و کەسایەتی ئەو کاتەی کازم دەکەن. ئەوان دەڵێن: "گەنجێکی یەکجار شەرمن و هێمن بوو، زۆر تێکەڵی خەڵک نەدەبوو، بەڵام هەمووان خۆشیان دەویست."
خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی ساهەردا هەر لەم گوندەدا روویدا. دوای گەشتێکی بۆ لای خێزانەکەی لە باشووری عیراق، بۆ یەکەمجار ئامێری "عوود"ی لەگەڵ خۆی هێنایە گوندەکە. بە وتەی هاوڕێ و قوتابییەکانی ئەو سەردەمەی، کازم لە گوندی بێناتان دەستی بە مەشقکردن لەسەر عوود کردووە. کاتێک داوای گۆرانییان لێ کردووە، گوتوویەتی: "هێشتا فێر نەبووم و تەنیا بۆ خۆشی و پڕکردنەوەی کاتەکانم مەشق دەکەم."
چیرۆکە خۆشەکانی کازم ساهر لەگەڵ "مشک و پشیلە"ی ژوورەکەی لە قوتابخانەی بێناتان، تا ئێستاش وەک نوکەتەیکی خۆش لەسەر زاری خەڵک ماوەتەوە. ئەو بەهۆی زۆریی مشکەوە داوای پشیلەیەکی لە گوندنشینان کردبوو، بەڵام دواتر بە گاڵتەوە گێڕاوەتیەوە کە بەهۆی زۆری ئەو پەنیر و ژاژییەی هەرکییەکان بۆیان هێناوە، پشیلەکەی هێندە تێر بووە مەیلی راوەمشکی نەماوە.
ئەمڕۆ، ئەو مامۆستا شەرمنەی گوندی بێناتان، وەک قەیسەری گۆرانی عەرەبی دەناسرێت، بەڵام واژۆکانی لەسەر ناسنامەی قوتابییە کۆنەکانی، وەک بەڵگەیەکی مێژوویی لەسەر سەرەتاکانی تێکۆشانی ئەو هونەرمەندە لە کوردستاندا ماونەتەوە.