هێمن حوسێن: زۆر دڵخۆش دەبم گەر "گۆشەی تەنیایی" بەدڵی جەماوەر بێت
هێمن حوسێن، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "گۆشەی تەنیایی"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
هێمن حوسێن هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی راگەیاند، "زۆر دڵخۆش دەبم گەر ئەو بەرهەمە نوێیەم بەدڵی ئەو جەماوەرە جوانە بێت، هەروەها ئومێدەوارم "گۆشەی تەنیایی"، بتوانێت ساتێکی جیاواز بۆ جەماوەر بڕەخسێنێت و پەیوەندییەکی جوان لەگەڵ هەست و بیرکردنەوەکانیان دروست بکات."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، هێمن حوسێن، هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە نوێیەم ئاواز و موزیکی خۆمە و تێکستەکەشی لەلایەن دیار هەڵەبجەیی دانراوە، لە بواری تەکنیکی دا، کاری تێکەڵکردن و رێکخستنی دەنگ لەلایەن بڵند قەرەداخی ئەنجام دراوە و دیار خەسرەو مۆنتاژی بەرهەمەکەی کردووە، هەروەها دەرهێنانی ئەم کارە هونەرییە لەلایەن دەروون قەرەداخییەوە بووە. لەگەڵ ئەوەش دا، سوپاسی هەر یەکە لە، عەلی حاجی بەکر، دلێری زێڕنگر و بڵند قەرەداخی دەکەم کە هاوکاربوونە لەو بەرهەمەدا."
هێمن حوسێن گوتیشی، "هیوادارم "گۆشەی تەنیایی"، بە دڵی جەماوەر بێت و جێگەی خۆی لە نێو گوێگر و بینەراندا بکاتەوە. هیوادارم گوێگرەکانم چێژ لە ناوەڕۆک، ئاواز، موزیک و وێنەسازییەکەی ئەو بەرهەمەم وەربگرن و هەست بەو هەوڵ و ماندووبوونە بکەن کە بۆ ئامادەکردنی ئەم کارە خراوەتە گەڕ. هەروەها ئومێدەوارم "گۆشەی تەنیایی"، بتوانێت ساتێکی جیاواز بۆ جەماوەر بڕەخسێنێت و پەیوەندییەکی جوان لەگەڵ هەست و بیرکردنەوەکانیان دروست بکات."
هونەرمەندی گۆرانیێژ هێمن حوسێن، خەڵکی شاری کەرکووکە، خاوەنی چەندین گۆرانی و بەرهەمی تۆمارکراوە، یەکەم گۆرانی لەساڵی 1984 تۆمارکردووە بەناوی "دایکی میهرەبان".