هێگسێت: هێرشەکانی سەر لوبنان رێگر نابن لە رێککەوتنمان لەگەڵ ئێران
وەزیری جەنگیی ئەمریکا رایگەیاند: کە واشنتن و تاران لە قۆناغی کۆتایی واژۆکردنی رێککەوتنێکدان و پرسی سەرەکی ئێستا تەنیا پەیوەستە بە دیاریکردنی کاتی راگەیاندنیەوە. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ئێران فشارەکانی بۆ سەر حزبوڵڵا چڕ بکاتەوە بۆ راگرتنی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل.
یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "CBS"، ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن و تاران بەرەو واژۆکردنی رێککەوتنێک هەنگاو دەنێن.
هاوکات دەڵێت: کە بابەتەکە چیدیکە پەیوەست نییە بە ئەگەری گەیشتەن رێککەوتن، بەڵکو تەنیا پەیوەستە بە دیاریکردنی کاتی واژۆکردن و راگەیاندنی رێککەوتنەکە.
هێگسێت روونی کردەوە، کە پێشبینی دەکات لە ماوەی داهاتوودا گفتوگۆکان بچنە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت.
سەبارەت بە پێشهاتە ناوچەییەکان، وەزیری جەنگیی ئەمریکا رایگەیاند: کە پێشبینی ناکات هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت ببنە رێگر لەبەردەم پرۆسەی گەیشتن بە رێککەوتن.
لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە تاران فشارێکی جیددی و کاریگەر بخاتە سەر حزبوڵای لوبنانی بۆ ئەوەی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل رابگرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێگسێت جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن بە وردی چاودێریی هێرشەکانی حزبوڵا دەکات و، هۆشداریی دا، کە بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەروەها گوتیشی: پەرچەکردارەکانی ئیسرائیل لەم ماوەیەی دواییدا جۆرێک لە دانبەخۆداگرتنی پێوە دیار بووە، کە ئەمەش بەهۆی درککردنی تەلئەڤیڤ بووە بە نزیکبوونەوەی وادەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک پێگەی سەربازیی حزبوڵڵا لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی هێرشەکەوە رایگەیاندبوو، ئەم هێرشانە لە وەڵامی ئەو مەترسییانەدان کە رووبەڕووی باکووری وڵاتەکەی دەبێتەوە بەو پێیەی رۆژانە بە درۆن و مووشەک لە لایەن حزبوڵڵای لوبنانییەوە دەکرێتە ئامانج.