پاتریارکی کڵێسای کلدانی: هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی سەرکەوتووی جیهانییە لە پێکەوەژیاندا

پاتریارک مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە كوردستان، عێراق و جیهان، ستایشی پێگەی هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر دەکات وەک مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و پێکهاتەکان. رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم لە هاوسەنگکردنی مافی پێکهاتەکاندا ئەزموونێکی سەرکەوتووی پێشکەش کردووە کە شایستەی ئەوەیە لەسەر ئاستی جیهان سوودی لێ وەربگیرێت.

یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، مار پۆڵس نۆنا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بە گرنگیی مێژوویی شاری هەولێر کرد و رایگەیاند: "هەولێر شارێکی زۆر کۆن و گرنگە بۆ کریستیانەکان؛ لێرە ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە دەژین."

سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاتریارکی کڵێسای کلدانی جەختی کردەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کارێکی نایاب بۆ قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان کراوە. ناوبراو بە بایەخەوە یادی ساڵی 2014ی کردەوە و گوتی: "کاتێک کریستیانەکان لە ترسی تیرۆریستانی داعش ئاوارە بوون، حکوومەتی هەرێم بەوپەڕی دڵسۆزییەوە میوانداریی کردن و هەموو دەرگاکانی بۆ واڵا کردن، ئەمەش واقعێکە کە ڕێز و پێزانینی زۆری دەوێت."

پاتریارک مار پۆڵس نۆنا ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان سەقامگیری و ئاسایشێکی ڕاستەقینە هەیە و دیدگایەکی ڕوون بۆ ئایندە بەدی دەکرێت. ئاماژەشی دا، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە جددی کار بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان دەکات، ئەمەش وای کردووە کوردستان لە یەکسانی و هاوسەنگکردنی ژیانی پێکهاتەکاندا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا، پاتریارکی کڵێسای کلدانی هیوای خواست ئەم ئەزموونە سەرکەوتووەی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان بگوازرێتەوە، تاوەکو هەمووان لە سایەی ئاشتی و سەقامگیریدا بژین.