بە نزیکبوونەوەی رێککەوتنی واشنتن و تاران نرخی نەوت دابەزی
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە 4% دابەزی، ئەمەش دوای راگەیاندنی گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان واشنتن و تاران، کە بووە هۆی زیادبوونی پێشبینییەکانی بازاڕ بۆ کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ناوچەکە و سەقامگیربوونی دابینکردنی وزە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 4% دابەزیوە و گەیشتووەتە 83.96 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە هەمان کاتدا نرخی نەوتی خاوی ئەمریکا نزمترین ئاستی تۆمارکرد و گەیشتە 80.25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم پاشەکشەیەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران ئاماژەی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و دووبارە کردنەوەی رێڕەوەکانی گواستنەوەی دەریایی و رۆیشتنی نەوتی تێدایە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەبوو.
دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال پیرۆزبایی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران کرد و رایگەیاند "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو." ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوی یەکەم، کردنەوەی گەرووی هورمز دەبێت بە رووی کەشتییە نێودەوڵەتیەکان بەبێ تێچوو.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ترەمپ فەرمانی کردووە بە هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی و گوتی: "کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن. با نەوت بڕوات!"
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی، لەگەڵ واژۆکردنی فەرمیی رێککەوتنەکە، گەرووی هورمز بۆ مەبەستی پاککردنەوەی مینەکان دەکرێتەوە. جەختیشی کردەوە، بەم هەنگاوە، جارێکی دیکە نەوت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت و جووڵەی وزە بۆ ناوچەکە و جیهان ئاسایی دەبێتەوە.