دیموکراتەکان: دوای جەنگێکی بێسوود گەڕاینەوە خاڵی سەرەتا
یاسادانەرانی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا، کە زۆربەیان لە سەرەتاوە نەیاری هەڵگیرسانی جەنگ بوون لە دژی ئێران، پێشوازییان لە لێکتێگەیشتنی نوێی واشنتن و تاران کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان، ئەم ئەندامانەی دیموکراتەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەمریکا دوای جەنگێکی "بێسوود و وێرانکەر"، دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا.
دیموکراتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جەنگە لە بنەڕەتدا پێویست نەبوو، چونکە ئەو رێککەوتنەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە، تەنها دۆخەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ پێش هەڵگیرسانی جەنگ، بەڵام دوای زیانێکی مرۆیی و ماددی زۆر.
لەم چوارچێوەیەدا، سیناتۆر کریس کونز، نوێنەری ویلایەتی دیلاوێر لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی "ئەم رێککەوتنە دۆخەکە دەخاتە سەر رێڕەوی راست، بەڵام هێشتا چەندین پرسیاری بێ وەڵام ماون." هۆشداریشی دا کە بوونی لێکدانەوەی جیاواز بۆ بڕگەکانی رێککەوتنەکە، مەترسیی لێ دەکەوێتەوە.
کریس کونز گوتیشی، "ئەم جەنگە نەبووەتە هۆی پاراستنی زیاتری هێزە چەکدارەکان و هاووڵاتیانی ئەمریکا."
لەلایەکی دیکەوە، کریس مێرفی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران، رەخنەی توندی گرت و رێککەوتنەکەی بە "خۆرادەستکردن بە ئێران" ناوزەد کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا، "دەبێت ئەمریکا بەمە دڵخۆش بێت، چونکە بەردەوامبوونی ئەم جەنگە شێتانە و نایاساییە رۆژ لە دوای رۆژ لاوازترمان دەکات."
مێرفی باسی لەوەشکرد، تەنها دەستکەوتی ئەمریکا لەم رێککەوتنەدا کردنەوەی گەرووی هورمزە، کە پێش دەستپێکردنی ململانێکان هەر کراوە بووە، هەروەها گوتی، ئێران پێشتریش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا کە ترەمپ لێی کشایەوە پابەندی دروستنەکردنی چەکی ئەتۆمی ببوو.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، کە وڵاتەکەی نێوەندگیری گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتنی کردووە، گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنەی راگەیاند.
هاوکات، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد رۆژی هەینی واژۆی فەرمی لەسەر رێککەوتنەکە دەکرێت، ئاماژەی بەوەش دا، قۆناخی دووەمی دانوستانەکان دوای 60 رۆژ دەستپێدەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئابادی مەرجی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی داهاتووی بەوە بەستەوە کە ئەمریکا پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، لەوانە، کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان، راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.