وەزیرانی راستڕەو و ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران رەتدەکەنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، ژمارەیەک لە وەزیرانی راستڕەوی توندڕەو و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ئیسرائیل، هێرشی توندیان کردە سەر ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتۆتە ئاراوە، رەخنەگرانی ئیسرائیلی پێیان وایە ئەم رێککەوتنە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لوبنان، گەرەنتی ئاسایشی وڵاتەکەیان ناکات.
ئیتیمار بن گفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تێلیگرام رایگەیاند "رێککەوتنی ترەمپ بە هیچ شێوەیەک پابەندمان ناکات، ئێمە لایەنێک نین تێیدا و ئەم رێککەوتنە ئاسایشی ئێمە ناپارێزێت." ئاماژەی بەوەشدا، نابێت لە لوبنان پاشەکشە بکەین تاوەکو حزبوڵڵا بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە.
هاوکات بتزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، رێککەوتنەکەی بە "خراپ بۆ ئیسرائیل" وەسف کرد و داوای بەردەوامبوونی فشارە سەربازییەکانی کرد بۆ رووخاندنی ئێران و رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
لە لایەکی دیکەوە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ بە لاواز و بێکاریگەر وەسف دەکەن. نەفتالی بێنیت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە وەرچەرخانێکی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ لە ئاستی پێویستدا نەبووە.
یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان، رەخنەی توندی گرت و گوتی "بە یەک واژۆ، دەستکەوتە سەربازییە گەورەکانی سوپای ئیسرائیل سڕانەوە، لە کاتێکدا ناتانیاهۆ بە بێهێزی و نەخۆشیەوە سەیری دۆخەکە دەکات و بێ کاریگەرە"، ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکە ملیاران دۆلار دەخاتە خزمەت ئێران و ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەش وەک خۆی دەهێڵێتەوە.
ئەم کاردانەوانە دوای ئەوە دێن کە پاکستان شەوی رابردوو رایگەیاند، ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری ئیسلام ئاباد گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە، کە بڕیارە لە 19ـی حوزەیران لە ژنێف واژۆ بکرێت.
تاوەکو ئێستا حکوومەتی ئیسرائیل بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە رانەگەیاندووە، بەڵام ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، دووپاتی کردەوە، هێزەکانیان بۆ ماوەیەکی نادیار لە لوبنان، سووریا و غەززە دەمێننەوە.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، کە وڵاتەکەی نێوەندگیری گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتنی کردووە، گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنەی راگەیاند.
هاوکات، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد رۆژی هەینی واژۆی فەرمی لەسەر رێککەوتنەکە دەکرێت، ئاماژەی بەوەش دا، قۆناخی دووەمی دانوستانەکان دوای 60 رۆژ دەستپێدەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئابادی مەرجی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی داهاتووی بەوە بەستەوە کە ئەمریکا پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، لەوانە، کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان، راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.