هەشت پرسیار سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران

لێپرسراوانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانیان راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رێککەوتنی نێوان واشنتن و تارانیان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژۆ کردووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم رێککەوتنە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا واشنتن و تاران دەتوانن وەستانی جەنگ لە مەیدانەکاندا بگۆڕن بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر، کە لە گەرووی هورمزەوە دەستپێدەکات و بە پرسی ئاڵۆزی ئەتۆمی کۆتایی دێت.

1 -  ئایا رێککەوتنەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
یاداشنامەی لێکتێگەیشتنەکە بە ئەلیکترۆنی واژۆ کراوە و رۆژی هەینی رێوڕەسمی فەرمی لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، درێژکردنەوەی ئاگربەستی 60 رۆژە دەستبەجێ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام گەرووی هورمز تا دوای رێوڕەسمەکەی رۆژی هەینی بە تەواوی ناکرێتەوە.

2 - ئایا گەرووی هورمز بە راستی کراوە دەبێت؟
ئەمریکا دەڵێت گەرووەکە بەبێ وەرگرتنی هیچ سەرانە و باجێک دەکرێتەوە، بەڵام لێپرسراوانی ئێران باس لەوە دەکەن کە تەنیا بۆ ماوەی 60 رۆژ سەرانە و باج وەرناگرن و دوای ئەوە وەک "پاراستنی ژینگە و سەلامەتی" باج وەردەگرن، کۆمپانیاکانی کەشتیوانیش هێشتا بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن و چاوەڕێی گەرەنتی زیاترن.

3 - ئێران چی دەستدەکەوێت؟
هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە جەنگ دەوەستێت و گەمارۆی سەر نەوتی ئێران لادەبرێت، میدیاکانی ئێران دەڵێن تاران ملیارات دۆلار پارەی بلۆککراوی دەستبەجێ دەستدەکەوێت، بەڵام واشنتن ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت وەرگرتنی پارە بەستراوەتەوە بە "ئاستی پابەندبوونی ئێران" بە بڕگەکانی رێککەوتنەکەوە.

4 -  ئایا هەردوولا لەسەر ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە هاوڕان؟
نەخێر، گێڕانەوەی واشنتن و تاران بۆ ورەکارییەکان جیاوازی تێدایە، لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆماری، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە کە رەنگە تێگەیشتنی ئێران بۆ رێککەوتنەکە جیاواز بێت لەوەی تیمی دانوستانکاری ئەمریکا رایگەیاندووە.

5 - کەی دەقی رێککەوتنەکە بڵاودەکرێتەوە؟
لێپرسراوانی ئەمریکا دەڵێن لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا دەقی لێکتێگەیشتنەکە بڵاودەکەنەوە، بەڵام ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە بکەوێتە دوای واژۆکردنی فەرمی لە رۆژی هەینیدا.

6 -  ئایا ئیسرائیل پابەند دەبێت؟
ئەم رێککەوتنە رووبەڕووی رەخنەی توند بووەتەوە لە ناوخۆی ئیسرائیل، چونکە داوای ئاگربەست لە لوبنان دەکات، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە، ترەمپ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ئەکسیۆس" رەخنەی توندی لە ناتەنیاهۆ گرتووە و رایگەیاندووە، دەبێت لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان گفتوگۆ بکەن.

7 -  ئایا رێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجام دەدرێت؟
ئەم لێکتێگەیشتنە تەنیا بۆ دەستپێکردنی دانوستانی 60 رۆژەیە لەسەر پرسی ئەتۆمی، لێپرسراوانی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێن کە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمی کارێکی زۆر سەخت دەبێت بەهۆی نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوولادا.

8 -  ئەگەر رێککەوتنەکە شکستی هێنا، جەنگ دەستپێدەکاتەوە؟
ئەمریکا رایگەیاندووە، هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکە ناکشێنێتەوە تا ئەو کاتەی رێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمی واژۆ دەکرێت، ترەمپ هێشتا وەک فشارێک "ئامرازە سەربازییەکانی" لە دەستدا هێشتووەتەوە ئەگەر دیپلۆماسییەت شکستی هێنا.