پێنتاگۆن کۆمپانیاکان ناچار دەکات مووشەکی هەرزان بەرهەم بهێنن

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ کردووە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی چەکە ستراتیژییەکان، بەو پێیەی داوا لە کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگری دەکات ساڵانی بەرهەمهێنان کورت بکەنەوە و نرخەکان بە ملیۆنان دۆلار دابەزێنن. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە تێچووی مووشەکە بەکارهاتووەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێراندا گەیشتە زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار.

دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، سوپای ئەمریکا پەنای بۆ گرێبەستی شێوازێکی نوێ بردووە و داوا لە کۆمپانیاکان دەکات چەکی نوێ لە سفرەوە دیزاین بکەن بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاتی بەرهەمهێنان و دابەزاندنی تێچووەکان. یەکێک لە دەستپێشخەرییە سەرەکییەکان بریتییە لە "بەرنامەی مووشەکی هەرزانی ناو کانتینەر"، کە تێیدا پێنتاگۆن مەرجی داناوە نرخی هەر مووشەکێک لە 500 هەزار دۆلار تێپەڕ نەکات.

ئەم نرخە نوێیانە بەراورد بە چەکەکانی ئێستا زۆر کەمترن؛ بۆ نموونە هەر مووشەکێکی بەرگری ئاسمانی لە جۆری پاتریۆت کە کۆمپانیای لۆکهید مارتن بەرهەمی دەهێنێت، تێچووەکەی دەگاتە 4 ملیۆن دۆلار و دروستکردنی 2 ساڵی دەوێت. پێنتاگۆن دەیەوێت نەوەیەکی نوێی مووشەکی بەرگری دروست بکات کە نرخی هەر دانەیەکی لە 250 هەزار دۆلار زیاتر نەبێت.

پێویستی ئەمریکا بۆ ئەم چەکە هەرزانانە دوای ئەوە دێت کە تەنیا لەمساڵدا و لە میانی جەنگی ئێران، واشنتن زیاتر لە 1000 مووشەکی "تۆماهۆک"ی تەقاندووە. تێچووی ئەم مووشەکانە بەلایەنی کەمەوە 2.5 ملیار دۆلار بووە و نرخەکەش لە بەرزبوونەوەدایە، چونکە بەرهەمهێنانی هەر مووشەکێکی لەو جۆرە ساڵێکی دەوێت.

ئەم پلانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێیت هیگسێت وەزیری جەنگ، بەڵێنیانداوە چاودێرییەکی وردی کۆمپانیاکانی بەرگری بکەن و سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا بسەپێنن کە ناتوانن نرخەکان دابەزێنن. شارەزایان دەڵێن زۆربەی مووشەکە پێشکەوتووەکان تا ئێستا بە شێوەی "دەستی" دروست دەکرێن، بەڵام پلانە نوێیەکە پشت بە تەکنۆلۆژیای نوێی وەک "پرنتەری سێ ڕەهەندی" دەبەستێت تاوەکو چەکەکان لە ماوەی چەند مانگێکدا بگەنە گۆڕەپانی جەنگ.

ئێستا چوار کۆمپانیای گەورەی وەک "کۆ ئەسپایەر"، "ئەندرۆیل"، "لایدۆس" و "زۆن 5" کێبڕکێ دەکەن بۆ دابینکردنی زیاتر لە 10 هەزار مووشەکی هەرزان تا ساڵی 2030، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکارییەکەی پێنتاگۆن بۆ خێراکردنی هێڵەکانی بەرهەمهێنان.