رۆیتەرز: پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین نزیکەی 50 رۆژی دەوێت
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەی ئەمنیی دەریایی رۆژئاواییەوە بڵاویکردەوە، پڕۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین رەنگە ماوەی 40 بۆ 50 رۆژ بخایەنێت.
دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەکارهێنانی کەشتییە مینلابەرە کۆنەکان و ژێردەریاییە مۆدێرنەکان بۆ ئەم پڕۆسەیە پێویستن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیاکانی دڵنیایی و گواستنەوە و نەوت متمانەی تەواویان بۆ گەڕانەوەی جووڵەی کەشتییەکان بۆ دروست دەبێت، ئەم دواکەوتنەش رەنگە ببێتە هۆی رێگری لە گەیشتنی دەیان ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەرچەندە ژمارەی ئەو مینانەی لە گەرووی هورمزدا چێنراون نادیارە، بەڵام تەنیا ئەگەری بوونیان بەسە بۆ نیگەرانکردنی کۆمپانیاکان، چونکە بەهای یەک کەشتیی نەوتهەڵگری گەورە بە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و هیچ کۆمپانیایەک نایەوێت ئەو سەرکێشییە بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێران و ئەمریکا شەوی 15ـی حوزەیران کۆتاییهاتنی ئامادەکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنیان راگەیاند، کە بڕیارە رۆژی هەینی 19ـی حوزەیران لە سویسرا واژۆ بکرێت، یاداشتەکە کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا دەگرێتەوە، بە لوبنانیشەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، کردنەوەی گەرووی هورمز دوای واژۆکردنی یاداشتەکە دەبێت بە مەبەستی پاککردنەوەی لە مین، هەروەها لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە مسۆگەرکردنی ئاسایشی دەریاوانی سەلامەت لە گەرووەکەدا و پلانیان هەیە باج بەرامبەر بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان وەربگرن، نەک وەک باجی تێپەڕبوونی کەشتییەکان.