گڕەیەکی بەتین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
شارەزایەکی کەشناسی، ئاماژە بەوە دەکات هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا دەچێتە ناو قۆناخێکی نوێی کێشوهەواوە و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە.
د.سلێمان عەبدوڵڵا، شارەزای بواری کەشناسی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە نێوان 15 بۆ 30ـی حوزەیراندا، یەکەمین شەپۆلی گەرمای راستەقینەی هاوینە روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات، ئاماژەی بەوەشدا، "کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لە دوای 17ـی حوزەیرانەوە بە روونی دەردەکەون و تاوەکوو 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت و دەگاتە لووتکە، بە شێوەیەک پلەکانی گەرما 3 تا 5 پلەی سیلیزی لە سەرووی تێکڕای ئاسایی خۆیان دەبن."
وەرچەرخانی هاوینە و هۆکارە زانستییەکان
ئەم شەپۆلە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی حوزەیران، کە وەک وەرچەرخانی هاوینە و درێژترین رۆژی ساڵ دەناسرێت، لەوبارەوە سلێمان عەبدوڵڵا روونی کردەوە، لەم کاتەدا نیوەگۆی باکووری زەوی زۆرترین لاربوونەوەی بەرەو تیشکی خۆر هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تیشکەکە بە شێوەیەکی ستوونی و بۆ ماوەیەکی درێژتر لە زەوی بدات، کە لە ئەنجامدا رووی زەوی بڕێکی یەکجار زۆر لە وزەی گەرمی هەڵدەمژێت.
سەبارەت بە سەرچاوەی گەرماکە، ئەو شارەزایە ئاماژەی بە قووڵبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی وەرزی هیندی کرد، کە بارستەهەوایەکی زۆر گەرم و وشک لە بیابانەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی و باکووری ئەفریقاوە بەرەو ناوچەکە دەکێشێت. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی "قوبەی گەرمی" (Heat Dome)، کە رێگری لە هەواوگۆڕکێ دەکات و هەوا گەرمەکە لە چینە نزمەکانی بەرگەهەوادا قەتیس دەکات.
دابەشبوونی پلەکانی گەرما لە شارەکان
بەپێی پێشبینییەکانی سلێمان عەبدوڵڵا، دابەشبوونی پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت:
گەرمیان و کەرکووک: وەک گەرمترین ناوچە دەمێننەوە و پلەکانی گەرما لە نێوان 44 بۆ 46 پلە دەبن، لە هەندێک کاتدا ئەگەری هەیە بگاتە 48 پلەی سیلیزی.
هەولێر، سلێمانی و دهۆک: پلەکانی گەرما لە نێوان 40 بۆ 44 پلەی سیلیزی دەبێت.
ناوچە شاخاوییەکان: بەهۆی بەرزییان لە ئاستی دەریاوە فێنکتر دەبن و پلەکانی گەرما لە نێوان 32 بۆ 39 پلە دەمێننەوە.
هەوای سووتێنەر و ئەگەری نمەباران
سلێمان عەبدوڵڵا هۆشداری دا کە رێژەی شێ بۆ %12 دادەبەزێت، ئەمەش وادەکات هەواکە زۆر وشک بێت و وەک "هەوایەکی سووتێنەر" هەستی پێ بکرێت کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی خێرای جەستەی مرۆڤ، سەبارەت بە ئەگەری باران، ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە لە لووتکە شاخە بەرزەکان "بارانی گەرمە-گۆڕێ" بە شێوەیەکی کاتی ببارێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی شکاندنی گەرما، بەڵکو بەهۆی بە هەڵمبوونەوە، رەنگە هەستی گەرمای مێزۆک (شێدار) زیاتر بکات.
هۆشدارییەکی توند بۆ جووتیاران
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سلێمان عەبدوڵڵا پەیامێکی ئاراستەی جووتیاران لەم وەرزەی دروێنەدا کرد و رایگەیاند "بەهۆی بەرزی گەرما و وشکی هەوا، دەغڵودان بە ئاسانی ئاگر دەگرێت، پێویستە وریایی تەواو هەبێت لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی دروێنە و دڵنیابوونەوە لە سیستەمی ساردکەرەوەی بزوێنەرەکانیان، چونکە بچووکترین پریشک دەتوانێت کارەساتی گەورە دروست بکات." هەروەها جەختی کردەوە، هەبوونی ئامێری ئاگرکوژێنەوە و تانکی ئاو لە کێڵگەکاندا لە کاتی دروێنەدا، پێویستییەکی حەتمییە.