ئیتاڵیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوەڕاستی تورکیا جێگیر دەکات
هاوپەیمانیی ناتۆ بڕیاری دا پێگەی بەرگریی ئاسمانیی خۆی لە تورکیا بەهێزتر بکات، ئەوەش لە رێگەی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی دژەمووشەک و درۆنی سەر بە سوپای ئیتاڵیا لە بنکەی ئاسمانیی کۆنیا.
سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند:" لە چوارچێوەی پلانی بەرگریی هەمیشەیی ناتۆ و بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانێتییەکە، سیستەمێکی بەرگریی ئامادەکراوی ئاسمانی لە جۆری سامپ-تی (SAMP/T) کە سەر بە دەوڵەتی ئیتاڵیایە، لە فەرماندەیی سێیەمین بنکەی سەرەکیی ئاسمانی لە شاری کۆنیا جێگیر دەکرێت."
سیستەمی "سامپ-تی" (SAMP/T) سیستەمێکی مووشەکیی گەڕۆکی زەوی بۆ ئاسمانە، کە بە هاوبەشی لە نێوان فەرەنسا و ئیتاڵیادا پەرەی پێدراوە. ئەم سیستەمە دەتوانرێت دژی فڕۆکە جەنگییەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، موشەکەکانی کڕووز و هەندێک لە جۆرەکانی مووشەکی بالیستی بەکاربهێنرێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ناتۆ لە تورکیا، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی شوباتی رابردووەوە، چوار جار مووشەکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوون.
مارک رووتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە لە مانگی نیسانی رابردوودا جەختی لەوە کردبووەوە کە هاوپەیمانێتییەکە "هەموو ئەوەی پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە ئەندامەکانی ئەنجامی دەدات"، لە نێویشیاندا دەوڵەتی تورکیا.
بڕیاریشە لە رۆژانی حەوت و هەشتی تەممووزی داهاتوودا، تورکیا میوانداریی لووتکەی فەرمیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بکات.