گرووپی حەوت: رێککەوتنی واشنتن و تاران دەرفەتێکە بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی

سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) رایانگەیاند، رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەرفەتێکی مێژووییە بۆ رێگری لە تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هاوکات دۆناڵد ترەمپیش هۆشداری دەداتە ئێران و داوا لە ئیسرائیل دەکات بەرامبەر لوبنان "بە بەرپرسیارانەتر" رەفتار بکات.

لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) کە لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بەرەنگاری هەڕەشە هەرێمی و مووشەکییەکانی ئێران ببنەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە دەستپێشخەرییە بەرگرییە فرەنەتەوەییەکان بە سەرکردایەتی فەرەنسا و بەریتانیا، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ئاسانکاری بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە بە "بەردی بناخەی بازرگانی نێودەوڵەتی" وەسف کراوە.

سەبارەت بە لوبنان، وڵاتانی گرووپی حەوت پشتگیری خۆیان بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و هەوڵەکانی لوبنان بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا دەربڕی. لە لایەکی دیکەوە، بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گوشارەکانیان بۆ سەر رووسیا توندتر دەکەن، لە رێگەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کەرتی نەوت و غاز و زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، لەوانە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی دوورهاوێژ بۆ کیێڤ.

لە پەراوێزی لوتکەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند پەیامێکی ئاراستەی ئێران، ئیسرائیل و سووریا کرد. ترەمپ رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی لە رێککەوتنەکە رێگرییە لە ئێران بۆ بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "ئەگەر ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، دۆزەخی بەسەردا دەبارێت".

ترەمپ گوتیشی: "ئێستا مامەڵە لەگەڵ کەسانێکی ژیر دەکەین کە دەیانەوێت یارمەتی وڵاتەکەیان بدەن"، بەڵام جەختی کردەوە کە واشنتن هیچ وەبەرهێنانێک لە ناو ئێراندا ناکات. سەبارەت بە پرسی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە هەرگیز گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران ئامانجی ئەو نەبووە، بەڵام "لەناوبردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران، لە کارکرددا وەک گۆڕینی رژێم وایە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد "بە بەرپرسیارانەتر بەرامبەر لوبنان رەفتار بکات" و نیگەرانی خۆشی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت دەربڕی. ترەمپ پێشنیازێکی کرد و وتی: "پێشنیازم کردووە سووریا مامەڵە لەگەڵ حیزبوڵڵا بکات لەبری ئیسرائیل، ئەگەر ئیسرائیل نەتوانێت بەبێ کوشتنی خەڵکی بێتاوان ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات، با سووریا ئەنجامی بدات".