سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی لە باشووری لوبنان راگەیاند
سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی و برینداربوونی 7ی دیکەی لە شەڕەکانی باشووری لوبنان راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران رێککەوتنێکی مێژووییان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست واژۆ کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی کورتدا ئاشکرای کرد، کە سەربازێکیان بە ناوی "ئەلێکساندەر فیلین" تەمەن 29 ساڵ، رۆژی چوارشەممە لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان کوژراوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە 7 ئەفسەر و سەربازی دیکەی یەدەگ بریندار بوون، کە برینی هەندێکیان مامناوەند و هەندێکی تریان سووکە.
راگەیاندنی کوژرانی ئەم سەربازە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بوو لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، کە مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، بە بەرەی لوبنانیشەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران، توندی هێرشە سەربازییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کەمی کردووە، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی رانەوەستاوە.
پێشتر دەسەڵاتدارانی لوبنان رایانگەیاندبوو، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا زیاتر لە 3800 کەس کوژراون. لە بەرامبەردا، لە لایەنی ئیسرائیلیشەوە لە رێکەوتی 2ی ئادارەوە تا ئێستا 31 سەرباز و یەک بەڵێندەری مەدەنی کوژراون.