قەرەنی جەمیل لەنێو رەنگەکاندا دووبارە زیندوو دەبێتەوە
پێشانگەی "رۆحی رەنگەکان" لە گەلەری میدیا، بە نمایشکردنی تابلۆکانی قەرەنی جەمیل، یاد و میراتی یەکێک لە گرنگترین شێوەکارەکانی کوردی دووبارە هێنایەوە ناو ژیانی هونەری.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، ئازاد لەشکری، بەڕێوەبەری شێوەکاری و کاری دەستی بە کوردستان24ی گوت، "کردنەوەی ئەو پێشانگەیە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کار و میراتی یەکێک لە گرنگترین شێوەکارەکانی کورد، دوای کۆتایی ژیانی، هەر لەناو بیر و چاوەڕوانی کۆمەڵگەدا بەردەوام بمێنێتەوە. ئەم پێشانگەیە بە جۆرێک لە دژی لەبیرچوون و دژی کورتکردنەوەی تەمەنی هونەر دەوەستێت؛ چونکە تابلۆکان دوای نەمانی هونەرمەند هێشتا توانای قسەکردن و دروستکردنی گفتوگۆیان هەیە."
ئازاد لەشکری گوتیشی، "قەرەنی جەمیل لە ماوەی چەندین ساڵ کار و بەرهەمهێناندا توانیبووی شێوەیەکی تایبەت بۆ خۆی دروست بکات؛ شێوەیەک کە تێیدا رەنگ تەنیا ئامرازێک بۆ جوانکاری نەبوو، بەڵکو زمانێک بوو بۆ دەربڕینی هەست و بیر و تێڕوانین بە زۆربەی کارەکانیدا دەبینرێت کە هەوڵی داوە دۆخی ناوەوەی مرۆڤ و پەیوەندییەکەی لەگەڵ شوێن، مێژوو و یادەوەری بگوازێتەوە بۆ سەر بۆردی شێوەکاری."
ئازاد لەشکری باس لە نمایشکردنی تابلۆکانی قەرەنی جەمیل دەکات و دەڵێت، "لەو پێشانگەیەدا، تابلۆکان بە واتایەکی قووڵتر دەخوێندرێنەوە. ئەوان تەنیا بەرهەمی کۆتایی نین، بەڵکو شوێنی پێگەیشتنن بۆ بینینی ئەو رێگایەی هونەرمەند تێپەڕیوە. هەر تابلۆیەک دەتوانێت وەک بەڵگەیەکی کاتی بخوێندرێتەوە؛ بەڵگەی ئەو ساتانەی هونەرمەند تێیدا هەستی بە گۆڕان، بێدەنگی، هیوایەک یان پرسیارێک کردووە."
دەربارەی گرنگی تابلۆکانی هونەرمەند، ئازاد لەشکری دەڵێت، "گرنگی تابلۆکانی نمایشکراو لەوەدایە کە بەشێکن لە مێژووی هونەری نوێی کوردستان. ئەو کارانە وەک ئەرشیفێکی بینراو کار دەکەن؛ ئەرشیفێک کە تەنیا رووداوەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو هەست و دۆخی سەردەمەکانیشی پاراستووە. لە هەندێک کاردا رەنگە توند و جوڵەدارەکان هەست بە هێز و پشوو بدرێن، لە هەندێکی تردا ئارامی و بۆشایی و بێدەنگی بەدی بکرێت؛ ئەو جیاوازییانەش ئەوە دەردەخەن کە هونەرمەند تەنیا بە یەک زمان قسەی نەکردووە.
ئازاد لەشکری باسی لەوەش کرد، "هەروەها ئەم پێشانگەیە بایەخێکی فەرهەنگی هەبوو؛ چونکە کاتێک هونەرمەندێک لە ژیان نامێنێت، مەترسی ئەوە هەیە کارەکانی تەنیا ببن بە یادەوەری. بەڵام نمایشکردنی بەرهەمەکان بە مانای ئەوەیە کە هونەرمەند لە رێگەی کارەکانیەوە دەگەڕێتەوە ناو ژیانی گشتی. بینەر لە بەردەم تابلۆکاندا تەنیا سەیرکەر نییە، بەڵکو هاوبەشە لە دروستکردنی واتای نوێ.
ئازاد لەشکری باس لە ناوی هەڵبژێردراوی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "رۆحی ڕەنگەکان، ناوێکی هەڵبژێردراویش نییە بە بێ واتا؛ چونکە ئەوە ئاماژەیە بەو بیرۆکەیە کە رەنگ و شێوە دەتوانن زیاتر لە ژیانی مرۆڤ بمێننەوە. لە کاتێکدا قەرەنی جەمیل ئێستا لە نێوانماندا نییە، بەڵام روانین و هەست و جیهانبینییەکەی هێشتا لەناو تابلۆکاندا ئامادەیە و قسە لەگەڵ هەر بینەرێکی نوێ دەکات."
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری و کاری دەستی، پێشانگەی شێوەکاری "رۆحی رەنگەکان"، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، لە هەولێر لە گەلەری میدیا کرایەوە.
قەرەنی جەمیل، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لە ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایکبووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە. لە ساڵی 1977 پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاری لە بەغدا تەواو کردووە. لە ساڵی 1979 کوردستان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ئیتاڵیا، تا ساڵی 1984 لە ئیتاڵیا دەمێنێتەوە و لەوێش هەر درێژە بە کاری هونەریی شێوەکاری داوە و بە کارە هونەرییەکانی ژیاوە. لە ساڵی 1984 لە ئیتاڵیاوە بەرەو ئیسپانیا رۆیشتووە، تاکو ساڵی 2003 هەر لەوێ کاری هونەریی کردووە. ئەو هونەرمەندە گەورەیە، لە ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە کوردستان و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری شێوەکاری، هەروەها لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر لە بەشی شێوەکاری دەبێتە مامۆستا. لە 3ی حوزەیرانی 2025، لە تەمەنی 71 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

