بەڵێنەکەی ترەمپ: جیهان سەلامەت دەبێت

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران لەژێر دەسەڵاتی ئەودا هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات ئاماژەی بە بەهێزیی ئابووریی وڵاتەکەی و گەشەی بەرچاوی بازاڕی پشکەکان کرد.

پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس)، نووسیویەتی: نەوت بە بەردەوامی هەناردە دەکرێت، ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، جیهان سەلامەت دەبێت، بازاڕەکانی پشک لە لوتکەی گەشەکردندان، هەلی کار لە ئاستی پێوانەییدایە و، نرخەکان لە دابەزیندان، توانای کڕین بەردەستە.

لە درێژەی پۆستەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە پێگەی بەهێزی وڵاتەکەی کردووەتەوە و نووسیویەتی: وڵاتەکەمان بەهێزە، سەلامەتە و رێزلێگیراوە.

دۆناڵد ترەمپ پەیامە کورتەکەی بە دەربڕینی رستەی "شایەنی نییە (You’re Welcome)" کۆتایی پێهێناوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەم پێشکەوتنانە لە سایەی سیاسەتەکانی ئیدارەکەی ئەو بە دی هاتوون.

لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی حوزەیرانی 2026)، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک لێدوانی توند و ململانێی توندی ناوچەیی دێت کە تێیدا ترەمپ هەمیشە جەختی لەسەر بێبەشکردنی تاران لە چەکی ئەتۆمی دەکردەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی جیهان.

ئەم رێککەوتنە کە بە «یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد» دەناسرێت، ئامانجی سەرەکی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بڕیارە سبەی هەینی (19ـی حوزەیران)، رێوڕەسمێکی فەرمی لە وڵاتی سویسرا بەڕێوە بچێت. ئەم لوتکەیە بە میوانداریی پاکستان و بە پاڵپشتیی دیپلۆماسیی قەتەر رێکخراوە، کە تێیدا گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەستپێدەکات. بە پێی بەندەکانی یاداشتنامەکە، هەردوو لا رێککەوتوون کە لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەی کۆتایی و گشتگیر، هاوکات پابەندبن بە راگرتنی دەستبەجێی سەرجەم هێرشەکان لە هەموو بەرەکاندا.