ترەمپ: ئەمریکا پابەندی ئاشتیە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: داوا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەم پابەندی بەڵێنەکانیان بن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: داوا دەکەم هەمووان پابەند بن بۆئەوەی دانوستانەکانمان سەرکەوتوو بن و هەروەها داوا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات پابەندی بەڵێنەکانیان بن.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: دابەزینی نرخی نەوت لە بەرژەوەندی بازاڕە و پێشبینی دەکەین لە هەموو بەرەکان جەنگ کۆتایی بێت، پێشبینی دەکەین لوبنان و حزبوڵڵا و ئیسرائیل پابەندی ئاگربەست بن.
ئەم قسانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک لێدوانی توند و ململانێی توندی ناوچەیی دێت کە تێیدا ترەمپ هەمیشە جەختی لەسەر بێبەشکردنی تاران لە چەکی ئەتۆمی دەکردەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی جیهان.
ئەم رێککەوتنە کە بە «یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد» دەناسرێت، ئامانجی سەرەکی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بڕیارە سبەی هەینی 19ـی حوزەیران، رێوڕەسمێکی فەرمی لە وڵاتی سویسرا بەڕێوە بچێت. ئەم لوتکەیە بە میوانداریی پاکستان و بە پاڵپشتیی دیپلۆماسیی قەتەر رێکخراوە، کە تێیدا گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەستپێدەکات. بە پێی بەندەکانی یاداشتنامەکە، هەردوو لا رێککەوتوون کە لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەی کۆتایی و گشتگیر، هاوکات پابەندبن بە راگرتنی دەستبەجێی سەرجەم هێرشەکان لە هەموو بەرەکاندا.