ئیمارات بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیای بۆ منداڵانی خوار 15 ساڵان قەدەخە کرد
حکوومەتی ئیمارات بڕیارێکی نوێی بۆ رێکخستنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە دەرکرد و تێیدا تەمەنی یاسایی بۆ دروستکردنی هەژمار دیاری کرد، هاوکات سزای توندیشی بۆ ئەو کۆمپانیایانە دانا کە پابەند نابن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، بە سەرۆکایەتی شێخ محەمەد راشد، بڕیارێکی فەرمی دەرکرد کە تێیدا تەمەنی 15 ساڵی وەک کەمترین تەمەن بۆ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا دیاری کرد. ئەم بڕیارە ئامانجی پاراستنی منداڵانە لە مەترسییەکانی جیهانی دیجیتاڵی و ناوەڕۆکە نەشیاوەکان.
خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکە:
1. قەدەخەی تهواو بۆ خوار 15 ساڵ: دروستکردن و بەکارهێنانی هەر جۆرە هەژمارێکی سۆشیاڵ میدیا بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15ساڵ قەدەخەیە و رەزامەندی دایک و باوکیش ئەم قەدەخەیە هەڵناوەشێنێتەوە.
2. مەرج بۆ تەمەنی 15 و 16 ساڵ: ئەو مێرمنداڵانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 16 ساڵدایە، دەتوانن سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنن بەو مەرجەی هەژمارەکانیان لەژێر چاودێرییەکی توندی دایک و باوکدا بێت و تایبەتمەندییە مەترسیدارەکانی وەک "نامەگۆڕینەوە لەگەڵ کەسی نەناسراو"یان بۆ پەکبخرێت.
3. سیستەمی ناسینەوەی تەمەن: کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا پابەند دەکرێن بە بەکارهێنانی "ناسنامەی دیجیتاڵی" یان "ژێری دەستکرد (AI)" بۆ دڵنیابوونەوە لە تەمەنی بەکارهێنەر، و تەنها نووسینی تەمەن لەلایەن بەکارهێنەرەوە (Self-declaration) وەک بەڵگە وەرناگیرێت.
4. قەدەخەکردنی ریکلام: پلاتفۆرمەکان بۆیان نییە هیچ جۆرە ریکلامێکی ئاراستەکراو کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زانیاری و شوێنپێهەڵگرتنی ڕەفتاری بێت، بۆ منداڵان پیشان بدەن.
سزا و رێکارەکان:
حکوومەتی ئیمارات دەسەڵاتی تەواوی داوەتە "دەستەی نیشتمانیی میدیا" و "دەستەی رێکخستنی پەیوەندییەکان" بۆ چاودێریکردنی کۆمپانیاکان. لە کاتی پابەندنەبوونی پلاتفۆرمەکان، حکوومەت پەنا بۆ بلۆککردنی کاتی یان تهواوەتی ئەو پلاتفۆرمە لە ناوخۆی وڵاتدا دەبات، جگە لە سەپاندنی سزای دارایی توند.
هەروەها بڕیارەکە بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی دایک و باوک کە نابێت رێگە بدەن منداڵەکانیان بە "فێڵکردن لە سیستەمی تەمەن" بچنە ناو ئەو تۆڕانەوە.
لەکۆتاییدا، حکوومەتی ئیمارات ماوەی 12 مانگی وەک "مۆڵەت" داوەتە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا (وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک و هتد) تاوەکو سیستەمەکانیان لەگەڵ ئەم یاسا نوێیەدا بگونجێنن.