دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بۆ کاتێکی نادیار دواخران
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی شاندی ئێران و ئەمریکا لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بەڕێوە ناچێت، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر بڕیاربوو هەردوولا لە هاوینەهەواری بێرگنشتۆک کۆببنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 19ی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری فەرمی دواخستنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران رانەگەیەندراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئامادەکارییەکانی سەردانی جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ بۆ سویسرا تەواو نەبووە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئێران سەرپەرشتی دانوستانەکان بکەن، بەڵام دواتر دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە. بەگوێرەی دەقی یاداشتەکە، ئەمریکا بەڵێنی داوە سزاکانی سەر کەرتی نەوت و گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتە هەڵگرێت.
هاوکات لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە سندوقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دادەمەزرێت، بەڵام ئەمریکا تێچووی دارایی بۆ ئەو سندوقە نادات. لە بەرامبەردا ئێران گەرووی هورمز دەکاتەوە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کەمدەکاتەوە.