زاناکان: مێشکی دایکان دوای منداڵبوون گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا دێت

توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کە لەگەڵ بوون بە دایک، مێشکی ئافرەتان گۆڕانکاریی فیزیۆلۆژی و کیمیایی گەورەی بەسەردا دێت، ئەمەش بە مەبەستی ئامادەکردنی دایکەکە بۆ چاودێریکردنی وردی کۆرپەکەی و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵی.

بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، گۆڕانکارییەکانی مێشکی دایک هەر لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانییەوە دەستپێدەکەن. یەکێک لە دیارترین گۆڕانکارییەکان، کەمبوونەوەی قەبارەی "ماددەی خۆڵەمێشی"یە لە مێشکدا بە رێژەی نزیکەی 5%.

زاناکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کەمبوونەوەیە بە واتای لاوازبوونی تواناکانی مێشک نایەت، بەڵکو پرۆسەیەکە پێی دەوترێت "پرتەکردنی دەمارەکان" (Synaptic Pruning)، کە رێگە بە مێشک دەدات بە شێوەیەکی کاراتر کار بکات. ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دایکەکە کەمتر خەیاڵ بکات و زیاتر سەرنجی لەسەر پێداویستییەکانی کۆرپەکەی بێت؛ هەرچەندە رێژەی کەمبوونەوەی ماددەی خۆڵەمێشییەکە زۆرتر بێت، پەیوەندی نێوان دایک و کۆرپەکە بەهێزتر دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، توێژینەوەکە دەریخستووە کە خانە بەرگرییەکانی مێشک (Microglia) پێش منداڵبوون کەمدەبنەوە، ئەمەش وەک رێکارێکی سروشتی کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەستی ئازار لە کاتی پرۆسەی منداڵبووندا، دوای لەدایکبوونی کۆرپەکەش ئەو خانانە جارێکی دیکە گەشە دەکەنەوە.

سەبارەت بەو دایکانەی کە بە رێگەی "هەڵگرتنەوە" (Adoptive mothers) دەبنە دایک و دووگیان نەبوون، توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات کە هەرچەندە ماددەی خۆڵەمێشی مێشکیان کەم نابێتەوە، بەڵام ئاستی هۆرمۆنی "ئۆکسیتۆسین" لە مێشکیاندا هاوشێوەی دایکە بایۆلۆژییەکان بەرز دەبێتەوە، ئەمەش یارمەتییان دەدات پەیوەندییەکی سۆزداریی بەهێز لەگەڵ منداڵەکەدا دروست بکەن.

جێی ئاماژەیە، بەشێک لەم گۆڕانکارییانەی مێشکی دایک بۆ ماوەی چەندین ساڵ و تەنانەت چەندین دەیەی دوای منداڵبوونیش دەمێننەوە.