ویتکۆف: ئێران رێگە بە پشکنەرانی ئەتۆمی دەدات سەردانی دامەزراوەکانی بکەن
نێردراوێکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند: کە ئێران بڕیاری داوە ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکەن.
هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشێتد پرێس"، لە زاری ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە کاتی پێشکەشکردنی راپۆرتێکی لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێس بڵاوی کردەوە، ئێران بانگهێشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەکات بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و دەستپێکردنی پڕۆسەی دیاریکردن و ئاشکراکردنی شوێنی ئەو ماددە پیتێنراوانەی کە لە لای تاران هەن".
ویتکۆف روونی کردەوە، کە بڕیاری ڕێگەدان بە کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ چوونە ناو دامەزراوەکان، لە ناوەڕۆکی ئەو لێکگەیشتننامەیەدا نییە کە لە 18ـی حوزەیراندا لە نێوان واشنتن و تاراندا واژۆ کراوە.
ئەو نێردراوە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لەو نامەیەدا هاتووە کە لایەنی ئێرانی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئامادە کردووە، ئەمەش نیشانەی پابەندبوونی تارانە بە شەفافییەتی ئەتۆمی وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ئێران و ئەمریکا لە دوورەوە لێکگەیشتننامەیەکیان واژۆ کرد، کە تێیدا جەخت لەسەر کۆتایهێنان بە ململانێ سەربازییەکان، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران و گەڕانەوەی هاتوچۆی ئاسایی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کراوەتەوە. هەروەها لێکگەیشتننامەکە خشتەیەکی کاتیی بۆ دانوستانەکان دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ماوەی 60 رۆژدا دیاریی کردووە.