ترەمپ: داوام لە ئیسرائیل کردووە ئاگربەست قبووڵ بکات
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە خۆی داوای ئاگربەستی لە ئیسرائیل کردووە، پاش ئەوەی هێرشەکانی تەلئەڤیڤ بۆ سەر بەیرووت بوونە هۆی دواخستنی دانوستانەکانی سویسرا و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی جەی دی ڤانس، هاوکات تاران و حزبوڵڵا هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل تەواوی پرۆسەی ئاشتی دەخاتە مەترسییەوە.
هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ (NBC News) پشتڕاستی کردەوە، خۆی راستەوخۆ داوای لە ئیسرائیل کردووە ئاگربەست قبووڵ بکەن. ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە "پۆزەتیڤ" ناوبرد و گوتی: "ئەم ئاگربەستە وەک کرێمەکەی سەر کێکەکەیە (ئاماژە بۆ تەواوکەری رێککەوتنە گەورەکەی لەگەڵ ئێران)."
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کە تێیدا تەنیا لە رۆژێکدا 47 کەس لە لوبنان کوژران، گفتوگۆکانی سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کاتێکی نادیار دواخران. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، گەشتەکەی بۆ سویسرا هەڵوەشاندەوە، بەڵام پێشتر هۆشداریی توندی دابووە کابینەکەی نەتانیاهۆ و گوتبووی: "ئیسرائیل نابێت لە لوبناندا بە شێوەیەکی شێتانە رەفتار بکات و هێرش بکاتە سەر تاقە هاوپەیمانە بەهێزەکەی (ئەمریکا) کە لە جیهاندا بۆی ماوەتەوە."
سەرچاوەیەکی فەرمی لە حزبوڵڵاوە رایگەیاند، ئەوان پابەندی ئاگربەست دەبن، بەڵام تۆمەتباری ئیسرائیلی کرد بەوەی هێشتا تەقە دەکەن و هەوڵ دەدەن بچنە ناو قوڵایی خاکی لوبنانەوە. لە بەرامبەردا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە بەهۆی کوژرانی 4 سەربازی ئیسرائیلی، فەرمانی داوە بە "هێزێکی زۆرەوە" لە حزبوڵڵا بدرێت و ئیسرائیل لە ناوچە تەناهییەکەی باشووری لوبنان دەمێنێتەوە.
تاران هۆشداریی داوە، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر لوبنان نەوەستن، پابەندی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا نابێت. سوپای ئێران رایگەیاندووە کە "دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە" و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر پێشێلکارییەک.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەواڵانەدا، نیشانەکانی جێبەجێبوونی رێککەوتنە 14 خاڵییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەرکەوتن، نرخی نەوتی خاو (Brent) بە رێژەی 8% لەم هەفتەیەدا دابەزی، پاش چەندین مانگ لە پەککەوتن، یەکەمین کەشتییە بازرگانییەکانی چین و ژاپۆن لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕین و ئێران رایگەیاند کە بۆ ماوەی 60 رۆژی داهاتوو هیچ باجێکی گومرگی لە کەشتییەکان وەرناگرێت.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندیان داوەتە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی فشارە سیاسییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە، هەنگاو بەرەو پەکخستنی ئەو رێککەوتنی ئاشتییە دەنێت کە ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ ئێراندا جێگیری بکات.