ڤانس: بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەمیشە یەک نین

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا بەرگریی لە ستراتیژی ئیدارەکەیان کرد بەرامبەر ئێران و رایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گەورەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئابووریی جیهان و ئەمریکا؛ هاوکات رەخنەی توند لەو لایەنانە دەگرێت کە گومانیان لە رێککەوتنی نوێی نێوان واشنتن و تاران هەبوو، و ئاماژەی دا، تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا راستییەکان پێچەوانەی بۆچوونی رەخنەگرەکان دەرچوون.

هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کردنەوەی گەرووی هورمز هۆکاری سەرەکی بووە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە 126 دۆلارەوە بۆ 75 دۆلار، هەروەها نرخی گازۆلین (بەنزین) بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی ئازارەوە بۆ خوار 4 دۆلار دابەزیوە.

گوتیشی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات و چیتر تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان نەکات، تاوەکو ناچار نەبین هێزی سەربازیی بەردەوام بۆ پاراستنی کەشتییەکان لەو ناوچەیە بهێڵینەوە."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە رێککەوتنەکە دوو بژاردە دەخاتە بەردەم ئێران، بژاردەی یەکەم: ئەگەر وەک دەسەڵاتێکی "تیرۆریست" بەردەوام بێت، ئەوا هیچ شتێکی دەستناکەوێت و گەمارۆکان بەردەوام دەبن؛ هاوکات بژاردەی دووەم، ئەگەر وەک دەسەڵاتێکی "ئاسایی" رەفتار بکات، ئەوا ئەمریکا رێگە دەدات وڵاتانی وەک قەتەر و ئیمارات وەبەرهێنانی گەورە (بە ملیاران دۆلار) لە کەرتی وزەی ئێراندا بکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڤانس سەرنجی خستە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و رایگەیاند: "ئیسرائیل هاوبەشێکی باشی ئێمەیە وەک فەرەنسا و بەریتانیا، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە بەرژەوەندییەکانی ئێمە هەمیشە و لە هەموو شوێنێکدا یەک بن."

ڤانس وەڵامی ئەو رەخنانەشی دایەوە کە دەڵێن رێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نییە و گوتی: "هەندێک کەس وا دەزانن هەر رەخنەیەک لە سیاسەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بگیرێت بە واتای دژایەتی جووەکان دێت، بەڵام ئەمە هەڵەیە. ئێمە وەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بڕیارەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا بدەین."

ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، رەخنەگرانی رێککەوتنەکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئێران هەرگیز رێگە نادات گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی "باج" بکرێتەوە، بەڵام دۆخەکە بە کردەیی گۆڕاوە؛ گوتیشی: "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، ئێرانییەکان تەقەیان لە هیچ کەشتییەک نەکردووە."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، تەنیا لە رۆژی رابردوودا، بڕی ئەو نەوتەی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕیوە، گەیشتووەتە ئاستێک کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە وێنەی نەبووە. جەختیشی کردەوە کە "تەنانەت یەکێک لەو کەشتیانە هیچ جۆرە باجێکیان بە ئێران نەداوە."

جەی دی ڤانس ئاماژەشی دا، "ئەو کەسانەی رەخنەیان لە رێککەوتنەکە دەگرت، ئێستا دەردەکەوێت کە لە زۆر خاڵدا هەڵە بوون، چ سەبارەت بەوەی ئێران چی دەستدەکەوێت و چ سەبارەت بەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چی بەدەستهێناوە."