ترەمپ: ئەگەر من نەبوومایە ئێستا ئیسرائیل لە نێوچووبوو
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆباما ئیسرائیلی لەناوچوون رزگار کردووە و ئێستاش بەهۆی باڵادەستیی سەربازیی واشنتنەوە دەتوانێت نەتانیاهۆ ناچار بە راگرتنی جەنگی لوبنان بکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەکسیۆس، پارێزەری سەرەکیی ئیسرائیلە و گوتی: "ئەگەر من نەبوومایە و رێککەوتنەکەی ئۆبامام (JCPOA) هەڵنەوشاندایەتەوە، ئێستا ئیسرائیل بوونی نەدەبوو." سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو رێزێکی زۆرم لێ دەگرێت و ئەوە دەکات کە من دەیڵێم، بەڵام دەبێت هەوڵ بدەین کەمێک بە عاقڵی بیهێڵینەوە."
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەو دەتوانێت رێگری لە ئیسرائیل بکات بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان، چونکە "ئێمە ئەوانەین کە چەک و بۆمبهاوێژی B-2مان بەدەستە."
ترەمپ ئێرانییەکانی بە "بلیمەتی سەرەتایی" وەسف کرد و گوتی: "ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، بێگومان بەکاریان دەهێنا." ئەو شانازیی بەوە کرد کە توانیویەتی هێزی ئاسمانی، دەریایی و بەرگریی ئاسمانیی ئێران بە تەواوی تێکبشکێنێت و گوتی: "من بووم قاسم سولەیمانیم و ئایەتوڵام کوش، تەنانەت موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ئێستا بریندارە و رەفتاری گۆڕاوە؛ ئاماژەشی دا، قسەی لەگەڵ موجتەبا نەکردووە، بەڵام بە کەسێکی ئازا وەسفی کرد.
ترەمپ پێی وایە لە ئێراندا "گۆڕینی دەسەڵات" روویداوە، چونکە سەرکردە نوێیەکان کەمتر رادیکاڵن و لە دوو گرووپەکەی پێشوو جیاوازن؛ گوتیشی: "موجتەبا خامنەیی لە باوکی جیاوازە. ئەوان دوو کەسی تەواو جیاوازن.
هاوکات باسی لەوە کرد کە گەمارۆی سەر گەرووی هورمز مانۆڕێکی سەربازیی مەزن بووە و ئێرانییەکانی خستووەتە دۆخێکەوە کە هیچ پارەیەکیان نەماوە؛ ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەوەی ئێرانییەکان درەنگ کەوتبوون بۆ کۆبوونەوەیەک، ئەویش فەرمانی داوە گەورەترین پردیان بۆ تێکبشکێنن.
سەبارەت بە گرنگیی ئەو رێککەوتن و فشارانەی ئەنجامدراون، ترەمپ گوتی: "ئەگەر ئێستا ئەو دۆخەمان کۆنترۆڵ نەکردایە، گەرووی هورمز بە تەواوی دادەخرا. دەبووە مەیدانی مین و مووشەک بەسەر ئەو کەشتیانەدا دەفڕین کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێن." ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی جیهان بۆ ماوەی چەندین مانگ بێ نەوت بمێنێتەوە.
ترەمپ ستایشی شی جینپینگ سەرۆکی چینی کرد و گوتی: "پیاوێکی زۆر زیرەکە و سوپاسیم کرد کە دەستوەردانی نەکرد لە گەمارۆی سەر کەشتییە نەوتییەکانی ئێران."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی G7 لە فەرەنسا، ترەمپ گوتی: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کارێکی باشی کردووە و سوپاسی کرد کە لە کۆشکی "ڤێرسای" میوانداری کردووە؛ هەروەها رەخنەی لە ئۆباما گرت کە رووسیای لە G8 دەرکرد و گوتی: "پێویست بوو رووسیا بمێنێتەوە، چونکە ئەگەر ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەوێ بوایە، جەنگی ئۆکرانیا رووی نەدەدا."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردایەتی پاکستان هەیە، بە تایبەت مارشاڵ مونیر و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە. گوتی: "ئەوان زۆر هاوکارییان کردین لە رێککەوتنەکەدا، چونکە ئێرانییەکان و خەڵکەکە باش دەناسن.
ترەمپ گوتیشی: "من تەنیا بۆ گاڵتە و پێکەنین گوتم من لێرە سەرۆکم (Boss)، بەڵام هەموو سەرۆکەکان دەزانن کە وایە."