پەرلەمانتارێکی لوبنان: حزبوڵڵا لە پێناو ئێران پابەندی ئاگربەست دەبێت

فادی کەرەم، پەرلەمانتاری لوبنان
فادی کەرەم، پەرلەمانتاری لوبنان

پەرلەمانتارێکی لوبنان ئاشکرای دەکات، کە ئەمریکا گوشار لە ئێران دەکات بۆ ناچارکردنی حزبوڵڵا بە پابەندبوون بە ئاگربەست، بەڵام هاوکات جەخت دەکاتەوە کە ئەم لێکگەیشتنە کاتییە و نابێتە هۆی چارەکردنی ریشەیی قەیرانەکانی لوبنان.

هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، فادی کەرەم، پەرلەمانتاری لوبنان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا گوشاری توند لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست دەکات بە ئامانجی پابەندکردنی حزبوڵڵا بە بڕیاری ئاگربەست لە لوبنان.

هاوکات دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیلیش پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست نیشان دەدات، بەڵام دۆخەکە وەک خۆی بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و هیچ چارەیەکی راستەقینە بۆ قەیرانی وڵات لە ئارادا نییە.

ئەم پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە، کە حزبوڵڵا لە رووی سەربازی، ناوچەیی و سەرکردایەتییەوە تووشی زیانی گەورە بووە، هەر بۆیە تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تاراندا ناچار دەبێت قبووڵی ئاگربەست بکات. 

فادی کەرەم رەخنەی لە سیاسەتەکانی حزبوڵڵا گرت و گوتی: "بەهۆی جموجۆڵە سەربازییەکانی حزبوڵڵاوە، ئێستا ئیسرائیل نزیکەی 10%ـی خاکی لوبنانی داگیر کردووە."

سەبارەت بە کاریگەریی لێکگەیشتنەکانی نێوان واشنتن و تاران، فادی کەرەم، ڕوونی کردەوە، کە هەرچەندە ئەم هەنگاوە کاریگەریی ئەرێنیی کاتیی لەسەر بارودۆخی گشتیی لوبنان دەبێت، بەڵام کێشەکان لە ڕیشەوە چارە ناکات؛ چونکە لە هەر کاتێکدا بێت ئەگەری گەڕانەوەی پێکدادانی راستەوخۆ لە سەرجەم بەرەکاندا لە ئارادایە.

ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەمریکا ئێستا بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی هەڵبژاردنەکانی پێویستی بە هێورکردنەوەی دۆخەکە هەیە و، ئێرانیش دەیەوێت بەم دەرفەتە هەناسەیەک بێتەوە بەر، بە تایبەت کە لە رووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە تووشی پاشەکشەی قووڵ بووەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە گەیشتنی ئەم لێکگەیشتنانە بە ئەنجامێکی جێگیر بە ئەستەم دەزانێت، بەو پێیەی "سیستمی فەرمانڕەوایی لە ئێران دان بەوانی دیکەدا نانێت."

لە لایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە ،کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست لە لوبنان. 

هاوکات ئاژانسی "ڕۆیتەرز"یش پشتڕاستی کردووەتەوە کە حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، دوای ماوەیەکی درێژ لە پێکدادانی سەربازیی توند، گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوانیان.