روبیۆ: تاکە رێگەی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان چەککردنی حزبوڵڵایە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی لوبنان، چەککردنی حزبوڵڵا و ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلی وەک "تاکە ڕێگە" بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی سەروەریی لوبنان دەستنیشان کرد؛ لە بەرامبەردا عۆن جەختی لەسەر پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل کردەوە.

هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، پشتیوانیی تەواوی واشنتنی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی لوبنان دەربڕی بە مەبەستی بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەروەر کە لە ئاشتیدا لەگەڵ دراوسێکانی بژیت.

تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، روبیۆ ستایشی "ئازایەتی" جۆزێف عۆنی کردووە لە قۆستنەوەی هەلێکی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی سەروەری و بوژانەوەی وڵاتەکەی. روبیۆ جەختی لەوە کردەوە، دانوستانە دووقۆڵییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل "تاکە رێگەی گونجاوە" بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە، چاکبوونەوەی ئابووری و کۆتاییهێنان بە زنجیرە توندوتیژییەکان.

لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە گەڕی داهاتووی دانوستانەکان کرد کە بڕیارە لە 23 بۆ 25ی حوزەیران لە واشنتن بەڕێوە بچێت، بە ئامانجی پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتیی هەمیشەیی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پێویستە حزبوڵڵا چەک بکرێت و دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکەی وەربگرێتەوە. هەروەها جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکان کردەوە بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە و پشتگیریکردنی دامەزراوە شەرعی و سەربازییەکانی لوبنان، لە سەروو هەموویانەوە سوپا.

لە بەرامبەردا، سەرۆکایەتیی لوبنان رایگەیاند، جۆزێف عۆن سوپاسی پشتگیرییەکانی ئەمریکای کردووە، بەڵام جەختی لەسەر پێویستیی راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان کردووەتەوە. عۆن رایگەیاند، ئاگربەستێکی گشتگیر بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکانی هەفتەی داهاتووی واشنتن، تاوەکو لوبنان بتوانێت ئاسایش، سەروەری و سەقامگیریی خۆی بگەڕێنێتەوە.

ئەم جوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا فشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا ئیسرائیل و حزبوڵڵا لەسەر زەمین لە ململانێیەکی تونددان.