هێزی دەریایی سوپای پاسداران: گەرووی هورمز بە تەواوی داخراوە
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: کە گەرووی هورمزیان بە تەواوی داخستووە و هۆشدارییان دایە کەشتییەکان لە نزیکبوونەوە لەو ناوچەیە، لە بەرامبەردا بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ جموجۆڵێکی نامۆیان لەو ناوچەیە نەبینیوە کە ئاماژە بێت بۆ داخستنی گەرووەکە.
شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس، لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەت بە هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، هەروەها پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئاگربەست، گەرووی هورمز بە تەواوی داخرا.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سەرجەم کەشتییەکان دەکات کە لە گەرووی هورمز نزیک نەبنەوە، دەشڵێت: لە حاڵەتی پێشێلکردنی ئەم بڕیارەدا، ئاسایشی کەشتییەکان دەکەوێتە مەترسییەوە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، کە لە ناوچەکەدا هیچ جۆرە جموجۆڵ یان چالاکییەکی مەیدانییان بەدی نەکردووە کە ئاماژە بێت بۆ داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.
ئەم دژبەیەکییە لە لێدوانی لایەنەکاندا لە کاتێکدایە کە گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین دەروازە ئاوییە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و بازرگانی نێودەوڵەتی دادەنرێت و، هەر جۆرە تێکچوونێکی ئاسایشی لەو ناوچەیەدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت.