سێنتکۆم: هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بەردەوامە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ 55 کەشتیی بازرگانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون و بڕێکی زۆر لە کاڵا و زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستووەتەوە.
شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز رووی لە زیادبوون کردووە، لە کاتێکدا هێزەکانمان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوچەکەدا بە ئامانجی پشتگیریکردن لە ئازادیی کەشتیوانی و گواستنەوەی دەریایی."
سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی تێپەڕبوونی سەلامەت بەم رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا بەردەوامبوونی هەیە؛ بە جۆرێک ئەمڕۆ 55 کەشتیی بازرگانی بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕیون و بڕێکی زۆر لە کاڵا و زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستووەتەوە.
سێنتکۆم دووپاتی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە ئامادەیی و هۆشیارییەوە دەمێننەوە بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتن لەگەڵ ئێران و جێبەجێکردنیان بە تەواوەتی و بە هێزێکی کاراوە.