سلێمانی.. فرود باقی لە "فڕینی بێ گەڕانەوە"دا چیڕۆکی شوێنە ونبووەکان دەگێڕێتەوە

فرود باقی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، نوێترین پێشانگەی خۆی لەژێر ناوی "فڕینی بێ گەڕانەوە"، لە یلێمانی، لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە کردەوە و دەڵێت، "بەشێکی زۆری کارەکانم روو دەکەنە مێژووی شار و شوێنە ئاساییەکان؛ بەڵام بە چاوێکی شاعیرانە. خانووێکی کۆن، دیوارێکی رەشبوو، یان کۆڵانێکی بێدەنگ، لە تابلۆکانم دا بوونەتە بابەتی سەرەکی.".

ئەمڕۆ شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، فرود باقی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی گوت، "لە ئەم پێشانگەیەدا، 42 تابلۆی هونەریم نمایش کردووە،  ئەگەر لە ناوەڕۆکی تابلۆکانیش بڕوانین و بە چاوێکی هونەری سەیری بکەین، ئەوە نیشان دەدات کەمن تەنیا وێنەی شوێنەکان ناکێشم؛ بەڵکو هەوڵ دەدەم ژیانی ناو ئەو شوێنانە بدۆزمەوە. ئەوەی لە زۆربەی تابلۆکانی مندا دەبینرێت، گفتوگۆیەکە لەنێوان مرۆڤ، کات و شوێن. هەروەها شارەکان تەنیا بە بینا دروست نابن، بەڵکو بە بیرەوەرییەکان و ئەو ژیانەی تێپەڕیووە".

فرود باقی گوتیشی، "بەشێکی زۆری کارەکانم روو دەکەنە مێژووی شار و شوێنە ئاساییەکان؛ بەڵام بە چاوێکی شاعیرانە. خانووێکی کۆن، دیوارێکی رەشبوو، یان کۆڵانێکی بێدەنگ، لە تابلۆکانم دا بوونەتە بابەتی سەرەکی. ئەمانە لە هونەری مندا تەنیا بابەتی وێنەسازی نین؛ ئەمانە شایەتحاڵی کاتن. هەروەها لە تابلۆی بینای کۆنەکەدا، کە هەست بە جێهێڵدراوی و هێمنی دەکرێت، من هەوڵم داوە ئەو بیرۆکەیە بخەمە بەردەم بینەر کە ئایا هەر شوێنێک کە بەتاڵ دەبێت، بە تەواوی دەمرێت؟ یان ئەو شوێنە بەردەوام دەبێت لە یادی ئەوانەی ژیاون تێیدا؟، بۆیە ئەم تابلۆیە بە وردی کاری لەسەر وردەکارییەکانی دیوار، پەنجەرە و رووناکی کردووە؛ چونکە مەبەست تەنیا دروستکردنی وێنەیەکی جوان نییە، بەڵکو دروستکردنی هەستی تێپەڕبوونی کاتە".

ئەو شێوەکارە باس لە تابلۆکانی ناو پێشانگەکەی دەکات و دەڵێت، "لە بەشێکی دیکەی پێشانگەدا، تابلۆکانی شار و مزگەوت و فەزای گشتی دەبینرێن، لێرەدا من وەک تۆمارکەرێکی شار کار ناکەم؛ چونکە شار تەنیا نەخشە و شەقام نییە، شار ژیانی خەڵکە. هێڵە ئارامەکان، رێکخستنی بیناکان و رەنگە نەرمەکان،  هەوڵێکن بۆ ئەوەی شار وەک شوێنی هەبوونی مرۆڤ پیشان بدرێت، نەک وەک تەنیا فەزایەکی ماددی".

فرود باقی ئاماژەی بەوەش دا، "لە تابلۆ سروشتییەکان و ئەو کارانەی رەنگی گوڵ و داریان تێدایە، لێرەدا سروشت تەنیا جوانی نییە؛ بەڵکو شوێنی پشوودان و گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ ناو خۆی. رەنگی مۆر، سەوز و خاکییەکان هەستی ئارامی و دووربوونەوە لە شڵەژانی ژیانی رۆژانە دروست دەکەن. هەروەها لە رووی شێوازەوەش، من لە رێبازی ریالیزم نزیکم، بەڵام ریالیزمێک کە تەنیا لەسەر وێنەکردنی وردەکاری ناوەستم، بەڵکو لە ژێر هەر وێنەیەکدا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەستێک بگوازمەوە؛ هەستی بیرکردنەوە، هەستی گەڕانەوە بۆ رابردوو، یان هەستی پاراستنی شوێن".

پێشانگەی شێوەکاری "فڕینی بێ گەڕانەوە"، ئەمڕۆ شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، لە سلێمانی لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە کرایەوە و ماوەی 7 رۆژ بەردەوام دەبێت.

فرود باقی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە. چەندین پێشانگەی شێوەکاری تایبەتی کردۆتەوە و لەچەندین پێشانگەی هاوبەشدا لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دا بەشداری کردووە.