نووسینگەی ناتانیاهۆ: ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری راگرتنی ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بێ کشانەوەی سەربازی.
شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: "کە هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی باکووری وڵاتمان".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە ناتانیاهۆ رێنمایی داوەتە سوپای ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی توند بۆ هەر هێرشێکی حزبوڵڵا و، کارکردن بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
بە پێی راگەیەنراوەکە، "لە وەڵامی هێرشەکانی حزبوڵڵا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر 300 ئامانج و نزیکەی 100 چەکداری کوشتووە."
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەگەر حزبوڵڵا دووبارە هێرش بکاتەوە سەر هێزەکانی ئیسرائیل، ئێمەش جارێکی دیکە بە توندی وەڵامی دەدەینەوە."
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ناتانیاهۆ و یسرائیل کاتس، بڕیاری راگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان دا. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە کە "بە رێنمایی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانی لە لوبنان راگرتووە."
کەناڵی 12، ئەوەشی راگەیاند: بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ئەم خاکانە ناگرێتەوە کە لە مانگی ئاداری رابردووەوە کۆنترۆڵی کردوون.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم رێنماییانە دوای "هەماهەنگی نێوان سەرکردایەتی سیاسیی ئیسرائیل و ئەمریکا" هاتوون و، جەختی کردەوە کە سوپای ئیسرائیل "لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە."