فیلمی سینەمایی "شەوی بارانی" بەرهەمهێنرا و بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان دەنێردرێت

فیلمی سینەمایی "شەوی بارانی"، کە لە دەرهێنانی ناجی سەلیمییە، سەرجەم قۆناخەکانی بەرهەمهێنانی تەواو بووە و بڕیارە بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان بنێردرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، ناجی سەلیمی، دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە بە کوردستان24ی گوت، "فیلمی سینمایی "شەوی بارانی"، خۆم کاری نووسین و دەرهێنانم بۆ کردووە، هەروەها بەهاوبەشی لەگەڵ پەرستوو کارزان بەرهەمهێنانمان بۆ کارەکە کردووە، هەر یەکە لە پەرستوو کارزان، سەنگەر خورشید، رەزا حاجی خوسرەوی، ئارمین عەزیزی رۆڵی سەرەکی لەو فیلمەدا دەگێڕن. ئەو فیلمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و لە ئێستادا فیلمەکە تەواو بووە و دەمانەوێ سەرەتا بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکانی بنێرین و دواتر لە شارەکانی کوردستان نمایشی بکەین."

ناجی سەلیمی باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "چیرۆکی فیلمەکە لە ناخی خێزانێکی زۆر هەژار و گۆشەگیرەوە دەست پێدەکات کە لە باخێکی چۆڵکراو و وێرانەدا، دوور لە ئاوەدانی و خەڵکی گوندەکە ژیان بەسەر دەبەن. کێشە و تاقیکردنەوە گەورەکەی ئەوان کاتێک قووڵتر دەبێتەوە کە منداڵە کەمئەندامەکەیان کۆچی دوایی دەکات. لە کاتێکدا کە چوار رۆژ بەسەر مردنی ئەو منداڵەدا تێپەڕیوە و لە رووی لۆژیک و تەندروستییەوە پێویستە دەستبەجێ بنێژرێت، دایکی منداڵەکە بەهۆی کاریگەریی قورسی ئەو شۆکە و خۆشەویستییە شێتگیرانەکەیەوە، ناتوانێت راستیی مردنی رۆڵەکەی قبوڵ بکات؛ ئەو لە دۆخێکی تەواوی ئینکارکردندا دەژی و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات کەس دەست بۆ جەستەی منداڵەکەی ببات یان بە خاکەکەی بسپێرێت."

ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "​گرژیی و لوتکەی دراماکە لە شەوێکی تاریک و باراناویدا دەتەقێتەوە؛ کاتێک باوکی منداڵەکە دەبینێت دۆخەکە چیتر بەرگەی راگرتن ناکات، بڕیارێکی سەخت دەدات و دەیەوێت بە دزییەوە و لە نیوەشەودا تەرمی منداڵەکەی لە ماڵەوە بباتە دەرەوە بۆ ئەوەی بینێژێت. بەڵام دایکەکە لەم پلانە بەئاگا دێت و رێک لەو چرکەساتەدا تووشی داڕوخانی تەواوی دەروونی و شێتگیری دەبێت. ئەو بە جەستە شەکەت و دەروونە تێکشکاوەکەیەوە دەچێتە بەردەم مێردەکەی، رێگەی لێ دەگرێت و وەک قەڵغانێک لەبەردەم تەرمی منداڵەکەیدا رادەوەستێت تا نەهێڵێت لە باوەشی دەربهێنرێت و بخرێتە ژێر خاک. ئەم چیرۆکە بەتەواوی تیشک دەخاتە سەر بەریەککەوتنی لۆژیکی پیاوێک کە دەیەوێت واقیع قبوڵ بکات، لەگەڵ سۆز و داڕوخانی دەروونیی دایکێک کە ناتوانێت بە کۆتاییهاتنی ژیانی منداڵەکەی باوەڕ بکات."

فیلمی سینەمایی "شەوی بارانی"، ئێستا سەرجەم قۆناخەکانی بەرهەمهێنانی فیلمەکە کۆتایی هاتووە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لە یەکەم هەنگاودا بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتی و جیهانییەکاندا بکات، پاش گەڕانەوەی لە سەکۆ جیهانییەکانیش، بڕیارە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بۆ بینەران و خولیاوانی سینەما نمایش بکرێت.