دانیاڵ گۆرانی کراس شین پێشکەشی محەمەدی حاجی مەحموود دەکات

دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "کراس شین"، بڵاوکردەوە و دەڵێت، " ئەو بەرهەمە نوێیەم وەک دیاری پێشکەش بە محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەکەم.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "گۆرانی "کراس شین"، خۆم ئاواز و هۆنراوەکەم بۆ داناوە، چەند مانگێک پێش ئێستا لە ستۆدیۆی تایبەتی خۆم، تۆمارکراوە. ئەم بەرهەمە بەردەوامی ئەو ئەزموونە هونەرییەیە کە پێشتر لە گۆرانییەکانی پەیوەست بە رەنگی جلدا هەبووە و کارم لەسەر کردووە."

دانیاڵ مادلاند گوتیشی، "من لە ساڵی 2010 کە گۆرانی "کراس زەرد"م تۆمار کرد،  لەوکاتەدا دەنگدانەوەیەکی باشی لە نێوان بیسەران بەدەستهێنا. ئێستا و لەگەڵ گەرمبوونی گفتوگۆکان دەربارەی کراسی شین و دەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەو شێوەیە لە سۆشیال میدیا، بۆیە بڕیارم دا ئەم گۆرانییە بخەمە  بەردەستی جەماوەر."

ئەو هونەرمەندە ئەو بەرهەمە نوێیەی وەک دیاری پێشکەش بە کەسایەتییەک دەکات و دەڵێت، "هیوادارم ئەم کارە نوێیەم بەدڵی بینەران بێت و پێگەی خۆی لە نێو خۆشەویستانی گۆرانی کوردی بدۆزێتەوە، هەروەها هیوادارم ئەم گۆرانییە جێگەی رەزامەندی هەندێک کەسایەتی بێت، بە تایبەتی کاکە حەمەی حاجی مەحموود."

دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەساڵی 1977 لە سلێمانی لەدایکبووە. دانیاڵ بە گۆرانی "بەبێ تۆ"، لەناو خەڵک ناسرا و ئەو گۆرانییەش بوو بە هۆکاری دەستپێکردنی ناوبانگی لە بواری گۆرانی کوردی. ناوبراو خاوەنی چەندین گۆرانی و بەرهەمی هونەرییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.