بن گفیر: لوبنان دەکەینە گۆڕەپانی یاری بۆ سوپای ئیسرائیل
ئیتیماڕ بن گفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، لە لێدوانێکی نوێدا تێیدا تەحەدای گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەکات، داوای کرد لوبنان بکرێتە گۆڕەپانی یاری بۆ سوپای ئیسرائیل.
بن گەفیر رایگەیاند؛ ئەو هیچ جۆرە سنووردارکردنێکی ئەمریکا بۆ سەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان قبوڵ ناکات. ئەو تەنانەت ئاماژەی بە ئەگەری گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات کرد و گوتی: "ئەگەر ترەمپ بە ناتانیاهۆ بڵێت لوبنان جێبهێڵە، دەبێت وەڵامەکەمان بەم شێوەیە بێت: جەنابی سەرۆک، نەخێر."
وەزیرە توندڕەوەکەی ئیسرائیل ئەو چەمکەی رەتکردەوە کە جیاوازی لە نێوان دەوڵەتی لوبنان و رێکخراوی حزبوڵڵا دەکات و بە تێڕوانینێکی دەستکرد ناوی برد. داوای کرد، تەواوی خاکی لوبنان بەبێ هیچ جیاکاری و بەربەستێک، بکرێتە ئامانجی راستەوخۆی هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە، بن گفیر گوتی: "با هەزار دایکی لوبنانی بگریێن، بەڵام یەک دایکی ئیسرائیلی فرمێسک نەڕێژێت." ناوبراو بە توندی دژی هەر جۆرە سنووردارکردنێکی مرۆیی یان ئەخلاقی وەستایەوە لە کاتی جەنگدا و جەختی کردەوە، پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، تەنانەت ئەگەر ئەوە ببێتە هۆی کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە لوبنان.