عێراقچی: گەمارۆی سەر ئێران هەڵگیرا و بەشێکی سامانەکەشی ئازاد کرا

دیداری عەباس عێراقچی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە سویسرا (وێنە: AFP)
دیداری عەباس عێراقچی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە سویسرا (وێنە: AFP)

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، زانیاریی نوێی دەربارەی دانوستانەکانی سویسرا ئاشکرا کرد.

عێراقچی لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، نێوەندگیرییە بەردەوام و بێوچانەکانی قەتەر و پاکستان بەرەوپێشچوونی گەورەیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان لێ کەوتووەتەوە.

هەروەها عێراقچی روونی کردووەتەوە، لێخۆشبوون بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەرکراوە و سەرجەم گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەیان هەڵگیراون.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە سامانە سڕکراوەکانی تاران ئازاد کراون، هاوکات پلانێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان بۆ ئێران دەستی پێکردووە.

 

 

دوێنێ یەکشەممە، 21ـی حوزەیران، کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر لە لە ناوچەی بێرگنستۆکی سویسرا بەڕێوەچوو.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، قەتەر و پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەسەر کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنـەکان بڵاوکردەوە.

 

بە گوێرەی راگەیەنراوە هاوبەشەکە، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:

1. نەخشەڕێیەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

2. هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

3. لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنـەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.

4. بە بەشداریی حکوومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، شانەیەکی هێورکردنەوە دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.

5. بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە، دانوستاندنـە تەکنیکییەکان لە هاوینەهەواری بۆرگێنشتاک لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.