حکوومەتی سویسرا: گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بونیادنەر بوون
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا جەخت دەکاتەوە، گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لە وڵاتەکەیان، بەرەوپێشچوونی بونیادنەریان بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، "سویسرا پێشوازی لەو بەرەوپێشچوونە ئەرێنییانە دەکات کە لە میانی گفتوگۆ دیپلۆماسییە چڕەکاندا بەدەست هاتوون، ئەوانەی بە درێژایی شەوی 21 بۆ 22ی حوزەیران لە ناوچەی بێرگنستۆک لە نێوان نێوەندگیرەکان، ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوون".
هەروەها سویسرا خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا لە لایەن لایەنەکانەوە لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتن دەردەبڕێت و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی دەکات بۆ رێکخستنی قۆناغی داهاتووی پرۆسە سیاسی و تەکنیکییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بەتایبەتی پێشوازی لە رێککەوتنی سەر نەخشەڕێگایەک دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا، چونکە وەک باسی دەکات، زەمینە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای گفتوگۆ تەکنیکییە نوێیەکان.
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم پرۆسەیە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان، گێڕانەوەی سەقامگیری و چەسپاندنی ئاشتی.
دوێنێ یەکشەممە، 21ـی حوزەیران، کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر لە لە ناوچەی بێرگنستۆکی سویسرا بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، قەتەر و پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەسەر کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنـەکان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوە هاوبەشەکە، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
1. نەخشەڕێیەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
2. هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر رووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
3. لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنـەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.
4. بە بەشداریی حکوومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، شانەیەکی هێورکردنەوە دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.
5. بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە، دانوستاندنـە تەکنیکییەکان لە هاوینەهەواری بۆرگێنشتاک لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.