ئەمینداری یەکگرتوو سەردانی پارتی و یەکێتی دەکاتەوە

لۆگۆی پارتی، یەکگرتوو و یەکێتی
لۆگۆی پارتی، یەکگرتوو و یەکێتی

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو سەردانی پارتی و یەکێتی دەکاتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتەکەش دەڵێت، "دەستکاریی ناوەرۆکی دەستپێشخەرییەکەمان ناکەین".

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، دارا سێکانیانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، سەلاحەدین محەممەد بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی پارتەکەیان، هەوڵێکی نوێ دەدات و سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکاتەوە، لەپێناو زیاتر لێکنزیککردنەوەی هەردوو لایەنەکە.

سێکانیانی جەختی لەوە کردەوە، لە دیدارەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەکێتی، لێکنزیکبوونەوەیەک هەیە و هیوادارن بگەنە ئاکامێکی ئەرێنی. هاوکات پێداگری لەوە کرد، دەستکاریی ناوەرۆکی دەستپێشخەرییەکەیان ناکەن.

سەبارەت بە سەردانی شاندی نوێی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە دا، هێشتا کاتی سەردانی شاندی پارتی بۆ لای ئەوان دیاری نەکراوە، ئامانجی سەردانەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت.

 لەگەڵ ئەوەشدا روونی کردەوە، ئەوان کاتێک بەشداری لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن، سەرجەم لایەنەکان بەشداری تێدا بکەن.

رۆژی 17ی ئایار، سەلاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دەستپێشخەرییەکی سیاسیی راگەیاند بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان لایەنەکان.

 لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا سەردانی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد.

 لە بەرانبەردا هەردوو پارتی و یەکێتی پێشوازییان لە هەنگاوەکەی یەکگرتوو کرد بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.