سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی رووسیا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێکرد
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئیلبروس كوتراشیڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە ماکسیم رۆبین كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە خرایە بەرباس و باڵیۆزی رووسیا لە عێراق ستاییشی هەڵوێست و دانبەخۆداگرتنی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانی لەمەڕ شەڕ و گرژییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە كرد.
هەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی تازەی عێراقی فیدڕاڵ و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا كرایەوە.
