پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی دەستبەکاربوو
نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوeندی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، بڵاویکردەوە، نزار ناسر، پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندیی عێراق، بە فەرمی دەستبەکاربوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا و لەگەڵ عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری پێشووی بانکەکە، سەردانی بەش و بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی بانکی ناوەندی کرد، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و ناسینی ئەو ئەرک و فەرمانانەی کە لەلایەن بەشە جیاوازەکانەوە جێبەجێ دەکرێن.
پارێزگاری نوێ لە کاتی بەسەرکردنەوەکەیدا، جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی کارە دامەزراوەییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و ئەدای کارمەندان کردەوە، بە شێوازێک کە هاوکار بێت لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بانکی ناوەندیی و چەسپاندنی سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی لە وڵاتدا.
هاوکات، ئەو دەستکەوتانەی کە لە رابردوو بوونەتە هۆی پەرەپێدانی کەرتی بانکی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری نیشتمانی بەرزنرخاند.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بەهای دۆلار لە بازاڕەکان 160 هەزاری تێپەڕاند، بەشێوەیەک لە ماوەی یەک رۆژدا هەر 100 دۆلارێک زیاتر لە 5 هەزار دیناری هاتووەتە سەر.
چەند رۆژێک لەمەوەبەر عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گۆڕانکاریی لە چەند پۆستێکی ئەمنیی و دارایی کرد، کە یەکێک لەوانە گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی بوو.