سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە گوتارێکدا، بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرۆکایەتیی پارتی کرێکاران و پۆستەکەی لە حکوومەت راگەیاند.
ستارمەر داوای لە پارتەکەی کرد لە 9ی مانگی داهاتووەوە کاندیدێکی گونجاو دەستنیشان بکەن و جەختی لەوە کردەوە بە هەموو توانایانەوە پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەپێی یاسا ئەنجام دەدەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ستارمەر ئاماژەی بەوە دا، پشتگیریی کاندیدی داهاتووی سەرۆکوەزیران دەکات، بۆ ئەوەی پارتی کرێکاران بتوانێت خولی دووەمی دەسەڵات لە بەریتانیا مسۆگەر بکات.
سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە روونی کردەوە، لە ماوەی دوو ساڵی کارکردنیدا پێگەی بەریتانیای لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەڕاندووەتەوە و رێژەی هاتنی کۆچبەرانیشی کەم کردووەتەوە.
هەروەها گوتی، بێجگە لە داخستنی هۆتێلەکانی پەنابەران، توانیویەتی نیو ملیۆن منداڵ لە هەژاری رزگار بکات.
کییەر ستارمەر دوای سەرکەوتنی گەورەی پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی تەممووزی ساڵی 2024، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای وەرگرت و کۆتایی بە دەسەڵاتی 14 ساڵەی پارتی پارێزگاران هێنا.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، بەڵێنی گۆڕانکاریی ریشەیی دا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، تەندروستی و پرسی کۆچبەران. لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا، حکوومەتەکەی چەندین رێکاری توندی گرتەبەر بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و داخستنی ئەو هۆتێلانەی بۆ مانەوەی پەنابەران تەرخان کرابوون، ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژیی وڵاتەکەی بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی پەنابەری.